بەبۆنەی ١٢٨ ساڵەی ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردی، گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی تەواوی ڕۆژنامەنووسان و قەڵەمە بوێرەکانی کوردستان دەکەین. ئێمە لە ڕێکخراوی ڕاگەیاندن و ڕووناکبیری ژنان – میدیای ڕێوان، ئەم یادە بە وەرچەرخانێکی مێژوویی گرنگ دەزانین لە مێژووی نەتەوەکەماندا.
لەم یادەدا، بە شکۆوە یادی ئەو ژنە پێشەنگانە دەکەینەوە کە ڕێگەی کاروانی مەعریفی و ڕۆژنامەگەرییان بۆ ژنان ڕۆشن کردەوە؛ بە قەڵەمە بڕشتەکانیان بوونە بەشێکی گرنگ لە مێژووی نووسین و داکۆکیکردن لە مافەکانی ژن و سەلماندیان کە هێزی گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەدا، بەبێ بەشداریی کارای قەڵەمی ژنان مەحاڵە.
ئێمە لە میدیای ڕێوان، لە کاتێکدا ئەم ڕۆژە بەرز ڕادەگرین، جەخت دەکەینەوە لەسەر بەردەوامیمان لە کارکردن بۆ دروستکردنی ناوەندێکی میدیایی پیشەیی و دادپەروەر کە تێیدا ژنان نەک هەر وەک سوژەی هەواڵ، بەڵکو وەک بڕیاردەر و داڕێژەری پەیامی میدیایی دەربکەون، بە جۆرێک کە ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی تواناکانیان بێت بەبێ جیاوازیی ڕەگەزی.
سڵاو لە قەڵەمە ئازادەکان و ڕووحی پاکی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە پێناو گەیاندنی ڕاستیدا گیانیان بەخشی.
ڕێکخراوی ڕاگەیاندن و ڕووناکبیری ژنان – میدیای ڕێوان
٢٢ی نیسانی ٢٠٢٦

