ڕۆژی ٢١ / ٤ / ٢٠٢٦، لە شاری سلێمانی یادی ٥١ـەمین ساڵیادی هەفتەی نابیستان بەرز ڕاگیرا. یادەکە بە زنجیرەیەک چالاکی و خولی جۆراوجۆر دەستی پێ کرد، کە تێیدا جەخت لەسەر گۆڕینی ڕێڕەوی پیشەیی نابیستان لە چوارچێوەی مافەکانیانەوە بەرەو بەدەستهێنانی ژیانێکی باشتر و سەربەخۆیی دارایی کرایەوە.
بەهار مەحمود، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی “ئاماژە”، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (میدیای ڕێوان) وتی: دروشمی ئەمساڵمان بریتییە لە (ڕێڕەوی پیشەیی نابیستان؛ لە مافەوە بۆ ئەرک و ژیانێکی باشتر). ئاماژەی بەوەش کرد کە پەیامی ئەمساڵیان تەنیا دروشمێک نەبووە، بەڵکو لە سەرەتای ساڵەوە بە کردەیی کاریان لەسەر کردووە، ئەویش لە ڕێگەی ڕەخساندنی هەلی کار و خولی پیشەیی بۆ نابیستان.
لەبارەی چالاکییەکانەوە، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ئاماژە تیشکی خستە سەر ئەنجامدانی چەند خولێکی گرنگ، لەوانە: خولی کاری دەستی بۆ ١٥ ژنی نابیست بە هاوکاری ڕێکخراوی “ڕۆشنایی دڵ”، هەروەها خولێکی سێ مانگیی دوورمان بە هاوکاری ڕێکخراوی “هانای خێرخوازی”. هاوکات، ئاماژەی بە سەرکەوتنی پڕۆژەی دۆزینەوەی کار کرد وەک ڕاهێنەر لە کۆمەڵگەی “کوردی جینیەس” بۆ کەسانی نابیست.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، بەهار مەحمود دووپاتی کردەوە کە کارەکانیان تەنیا بۆ نابیستان نییە، بەڵکو کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتیش دەگرێتەوە. لەو چوارچێوەیەدا، بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی ڕاگەیاندن و ڕووناکبیریی ژنان (WMCO)، خولێکی تایبەتی دروستکردنی مۆم بۆ ١٠ ژنی خاوەن پێداویستی تایبەت کراوەتەوە. لە کۆتاییشدا سوپاسی سەرجەم ئەو لایەن و ڕێکخراوانەی کرد کە پشتیوانی ڕاستەقینەی پڕۆژەکانیان بوون.
هەفتەی نابیستان بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٥٨ لە ئیتاڵیا ڕاگەیەندرا. هەرچەندە لەسەر ئاستی جیهان لە مانگی ئەیلوولدا دەکرێتەوە، بەڵام لە عێراق و هەرێمی کوردستان، کۆتا هەفتەی مانگی نیسان بۆ ئەم یادە تەرخان کراوە. ئامانجی سەرەکیی ئەم هەفتەیە، هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەیە دەربارەی مافەکانی نابیستان و ناساندنی زمانی ئاماژەیە وەک زمانێکی فەرمی بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆیان.

