ئەنفال و فێمیساید؛ لە وێبینارێکی هاوبەشی زانکۆی سلێمانی و ڕێکخراوی WMCO تاوتوێ کران

بە مەبەستی شیکردنەوەی تاوانی ئەنفال لە دیدێکی یاسایی و ڕەگەزییەوە، سەنتەری توێژینەوەی جینۆساید و بونیادی ئاشتی و سەنتەری یەکسانی جێندەری لە زانکۆی سلێمانی بە هەماهەنگی ڕێکخراوی ڕاگەیاندن و ڕووناکبیری ژنان، وێبینارێکیان بۆ پسپۆڕان و توێژەرانی بواری جینۆساید ڕێکخست.

ئێوارەی ١٤/ ٤/ ٢٠٢٦، سەنتەرەکانی «توێژینەوەی جینۆساید و بونیادی ئاشتی» و «یەکسانیی جێندەری» لە زانکۆی سلێمانی، بە هەماهەنگی ڕێکخراوی ڕاگەیاندن و ڕووناکبیری ژنان (WMCO)، وێبینارێکیان لە ڕێگەی پلاتفۆڕمی «گۆگڵ میت» لەژێر ناونیشانی (ئەنفال لە نێوان ناسنامەی نیشتمانی و جینۆسایدی ڕەگەزیدا) ساز کرد.

لە وێبینارەکەدا، کە ١٠٠ کەسایەتی ئەکادیمی و چالاکوان تێیدا ئامادەبوون، هاوڕێ ئەحمەد، مامۆستای زانکۆ و بەڕێوەبەری ناوەندی کوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتی، بابەتێکی لەژێر ناونیشانی «پێویستی بە ناوخۆییکردنی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی: لە ئەنفالەوە بۆ جینۆسایدی ئێزدییەکان» پێشکەش کرد.

دواتر رۆشنا جەمال، مامۆستای زانکۆ و توێژەری جینۆساید، لە بابەتێکدا بەناونیشانی «فێمیساید وەک چەکی جەنگەکان؛ فێمیسایدی ژنی کورد» تیشکی خستە سەر بەئامانجگرتنی ڕەگەزیی ژنان لە کاتی ململانێ و جەنگەکاندا.

لە بەشێکی تری چالاکییەکەدا، پەری نوری، ڕاوێژکار لە سەرۆکایەتی کۆمار، ئەزموونی مەیدانی خۆی وەک نوێنەری سەرۆکایەتی بۆ گێڕانەوەی ڕوفاتی قوربانیانی ئەنفال بۆ ئامادەبووان خستە ڕوو. وێبینارەکە بە گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی سەرنجی بەشداربووان دەربارەی تەوەرەکان کۆتایی هات.

Scroll to Top