ئەنفال و ئیکۆساید؛ کاتێک ژینگەی کوردستان دەبێتە قوربانییەکی بێدەنگ

ئامادەکردنی: لێوان دیار
پەرتووکێکی نوێی زانستی لە نووسینی د. عەبدولموتەڵب ڕەفعەت بڵاوکرایەوە، تیشک دەخاتە سەر ڕەهەندێکی فەرامۆشکراوی تاوانەکانی ئەنفال، کە ئەویش «پاکتاوی ژینگەیی»ە.
د. عەبدولموتەڵب ڕەفعەت، نووسەری پەرتووکی «ئەنفال و ئیکۆساید (پاکتاوی ژینگەیی)» و مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان، لە لێدوانێکی تایبەت بە ڕێوان ئاماژەی بەوە کرد، لایەنی زانستیی جینۆسایدی کورد فەرامۆش کراوە. چونکە ئەنفال تەنها کۆمەڵکوژیی مرۆڤ نەبووە، بەڵکو پرۆسەیەکی سیستماتیکی “پاکتاوی ژینگەیی” بووە کە تا ئێستاش کاریگەرییەکانی لەسەر خاک و ئاوی کوردستان بەردەوامە.
وتیشی: “تا ئێستا کاری زانستیی پێویست لەسەر جینۆسایدی کورد ئەنجام نەدراوە و تەنها چەند توێژینەوەیەکی سنووردار لەلایەن بیانییەکانەوە هەبووە؛ ئەمە لە کاتێکدا گەلانی دیکە کاری زانستیی فراوان و فرەڕەهەندیان لەسەر مێژووی خۆیان کردووە.”
د. عەبدولموتەڵب ڕوونی کردەوە، کە بۆ تێگەیشتن لەم کارەساتە، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ سیاسەتی «زەوی سووتماک» و ئەو بڕیارانەی پێش دەستپێکردنی شاڵاوەکان دەرکراون، بەتایبەتی بڕیارەکانی عەلی حەسەن مەجید بۆ قەدەغەکردنی کشتوکاڵ، جووڵەی مرۆیی و ئاژەڵی، و بڕینی سەرچاوەکانی خۆراک.
بەپێی ناوەڕۆکی پەرتووکەکە، ئەنفال تەنها جینۆسایدی مرۆڤ نەبوو، بەڵکو ژینگە و سیستمی ژینگەییش کرابوونە ئامانج. ئەم پرۆسەیە بووە هۆی لەناوچوونی دارستانەکان و تێکچوونی سەرچاوەکانی ئاو، زیانگەیاندن بە گیانەوەر و ڕووەک و تێکدانی هاوسەنگیی سروشت، هەروەها دەرەنجامە درێژخایەنەکانی وەک بەبیابانبوون و گۆڕانی کەشوهەوا.
نووسەر ئاماژەی بەوەش دا کە زۆرجار تەنها زیانە مرۆییەکان باس دەکرێن و ژینگە وەک «قوربانییەکی بێدەنگ» فەرامۆش کراوە. لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە کاریگەرییەکانی ئەنفال بە کۆتاییهاتنی شاڵاوەکان تەواو نەبوون، بەڵکو تا ئێستاش لەسەر خاک، ئاو و هەوا بەردەوامن، ئەمەش پێویستیی بە توێژینەوەی زانستیی زیاتر هەیە.
پەرتووکەکە ڕۆژی ١٦/٤/٢٠٢٦ لە شاری کفری، لە مەراسیمێکی تایبەتدا بڵاوکرایەوە. ئەم بەرهەمە وەک هەوڵێکی زانستیی گرنگ دەبینرێت بۆ ڕوونکردنەوەی چەمکی «ئیکۆساید» یان وێرانکاریی ژینگەیی لەناو جەرگەی تاوانەکانی ئەنفالدا.

Scroll to Top