جەنگ؛ برینە نادیارەکانی دەروون

تەلار کەمال مەدحەت خەزنەدار – چارەسەرکاری دەروونی

بێگومان هەڵگیرسانی جەنگ و توندوتیژی، بەپێی هەموو پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، کاریگەرییەکی وێرانکەر لەسەر تاک و کۆمەڵگە جێدەهێڵێت. ئەگەرچی زیانی جەنگەکان بە ژمارەی قوربانییان و قەبارەی وێرانکارییە ماددییەکان دەپێورێن، بەڵام وەک پسپۆڕێکی دەروونی، پێویستە جەنگ بەو برینە نادیارانە بپێوین کە لە ناخی مرۆڤەکاندا دەمێننەوە. جەنگ تەنها ڕووداوێکی کاتی نییە، بەڵکو زەبرێکی دەروونییە (Trauma) کە کاریگەرییەکانی بۆ چەندین دەیەی دوای بێدەنگبوونی چەکەکان بەردەوام دەبن.

ئەم کاریگەرییانە تەنها لە ڕەهەندە ئابووری، تەندروستی و پەروەردەییەکاندا چڕ نابنەوە، بەڵکو بە شێوەیەکی قووڵتر کار دەکەنە سەر باری سایکۆلۆژیی مرۆڤ. ژیان لەناو دۆخی نائارامیدا، مرۆڤ تووشی ترسێکی بەردەوام و دڵەڕاوکێیەکی بێ کۆتایی دەکات. لە ڕوانگەی کلینیکییەوە، جەنگ تەنها “ترس” نییە، بەڵکو تێکشکانی سیستەمی “هەستکردن بە ئاسایش”ـە لەلای تاک.

بینینی دیمەنی توندوتیژی، لەدەستدانی ئازیزان، ئاوارەبوون و ماڵوێرانی، دەبنە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێی توند و ترس و خەمۆکی. یەکێک لە مەترسیدارترین دەرئەنجامەکان، “تەنگژەی پاش زەبری دەروونی”یە (PTSD). ئەو کەسانەی تووشی ئەم دۆخە دەبن، ناتوانن بە ئاسانی بگەڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی، چونکە یادەوەرییە تاڵەکان وەک سێبەر هاوەڵیان دەبن و کۆنترۆڵی هەست و بیرکردنەوەیان دەکەن.

منداڵان قوربانییە بێدەنگەکان

کاتێک منداڵ لە ژینگەیەکی جەنگاویدا گەورە دەبێت، نەخشەیەکی دەروونی بۆ جیهان دەکێشێت کە تێیدا جیهان چیتر شوێنێکی ئارام نییە، بەڵکو دەبێتە مەیدانێکی پڕ لە مەترسی. ئەو منداڵانەی لەناو توندوتیژ گەورە دەبن، تووشی نائارامییەکی دەروونی درێژخایەن دەبن کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر گەشەی کەسایەتییان دەبێت، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر نەوەکانی داهاتوو.

هەرچەندە کوردستان لە ئێستادا بەشێکی ڕاستەوخۆ نییە لە جەنگە هەرێمایەتییەکان، بەڵام کاریگەرییە نەرێنییەکانی لە زۆر بواردا ڕەنگ دەدەنەوە. بۆ نموونە؛ گۆڕینی سیستەمی خوێندن بۆ “ئۆنلاین” لە هەندێک بارودۆخی نائاساییدا، هەستی نائارامی لای قوتابیان دروست دەکات. ئەگەرچی خوێندنی ئۆنلاین لایەنی باشی هەیە بۆ پاراستنی ژیانیان، بەڵام لایەنی نەرێنییەکەشی ئەوەیە کە هاندەرە بۆ ئاڵوودەبوون بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کەمبوونەوەی پەیوەندییە مرۆییەکان و دوورکەوتنەوە لە چالاکییە کۆمەڵایەتییە پێویستەکان.

ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییە دەروونییەکانی جەنگ کارێکی ئاسان نییە، چونکە جەنگ تەنها وێرانکاریی ماددی نییە، بەڵکو برینێکی قووڵ لە دەروونی مرۆڤدا جێدەهێڵێت. بەڵام هەندێک هەنگاو هەن کە یارمەتیدەرن بۆ کەمکردنەوەی ئەو فشارە و پاراستنی سەقامگیریی دەروونی:

١. سنووردارکردنی هەواڵەکان: تەماشاکردنی بەردەوامی دیمەنە ناخۆشەکان و هەواڵی جەنگ دەبێتە هۆی زیاتربوونی دڵەڕاوکێ و تێکچوونی خەو. تەنها ڕۆژانە یەک یان دوو جار هەواڵەکان بزانە و دووربکەوەرەوە لەو سەرچاوانەی تەنها بۆ هەستبزوێنکردن هەواڵ بڵاودەکەنەوە.

٢. پاراستنی ڕۆتینی ڕۆژانە: لە کاتی جەنگدا مرۆڤ هەست دەکات کۆنترۆڵی ژیانی نەماوە. گەڕانەوە بۆ سادەترین جۆری ڕۆتین دەبێتە هۆی هەستکردن بە ئارامی؛ وەک خواردنی ژەمەکان لە کاتی خۆیدا، ڕێکخستنی کاتی خەوتن و ئەنجامدانی کارە سادەکانی ناوماڵ.

٣. گوزارشتکردن لە هەستەکان: شاردنەوەی ترس و دڵتەنگی دەبێتە هۆی تەقینەوەی دەروونی لە داهاتوودا. بۆیە بە قسەکردن لەگەڵ کەسانی نزیک و متمانەپێکراو دەردەدڵ بکە، یاخود نووسینی هەستەکان لەسەر کاغەز یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی مێشکت ڕێکبخەیتەوە.

٤. تەکنیکەکانی ئارامکردنەوە: کاتێک هەست بە ترسێکی زۆر دەکەیت، جەستەت پێویستی بەوەیە بگەڕێتەوە سەر باری ئاسایی. دەکرێت هەناسەدانی قووڵ بەکاربهێنیت: بۆ ماوەی ٤ چرکە هەناسە هەڵکێشە، ٤ چرکە ڕایبگرە، و لە ٤ چرکەدا بیدەرەوە. ئەگەر بارودۆخ ڕێگەی دا، جووڵە و وەرزشی سادە دڵەڕاوکێ کەمدەکاتەوە.

٥. هاوکاریکردنی دەوروبەر: هەستکردن بەوەی کە تۆ دەتوانیت سوودت هەبێت، هێزێکی زۆرت پێ دەبەخشێت. یارمەتیدانی دراوسێیەک یان کەسێکی لێقەوماو وات لێدەکات هەست بە بەهێزی بکەیت لەبری ئەوەی هەست بە قوربانیبوون بکەیت.

تەندروستیی دەروونی کەمتر نییە لە تەندروستیی جەستەیی؛ گرنگیدان بە خۆت لە کاتی جەنگدا نیشانەی لاوازی نییە، بەڵکو نیشانەی ئازایەتی و خۆڕاگرییە.

Scroll to Top