ئامارەکانی ڕێکخراوی کارى نێودەوڵەتی (ILO) ئاماژە بەوە دەکەن کە ژنان لە سەرانسەری جیهاندا ڕۆژانە بە تێکڕا ٤ کاتژمێر و ٢٥ خولەک کارە بێبەرامبەرەکانی ناوماڵ ئەنجام دەدەن، لە کاتێکدا ئەم ڕێژەیە بۆ پیاوان تەنها ١ کاتژمێر و ٢٣ خولەکە؛ ئەم جیاوازییە گەورەیە وەک سێبەرێکی قورس بەسەر دەروون و جەستەی ژنانەوە ماوەتەوە.

لە پشت پەردەی دروشمەکانی یەکسانیی ڕەگەزی و بەشداریی کارای ژنان لە کایە ئابوورییەکاندا، ڕاستییەکی تاڵ و نادیار خۆی حەشارداوە کە ژیانی ملیۆنان ژنی کارکەری تەنیوە. دیاردەی “باری دووهێندە” (Double Burden) تەنها گوزارشت نییە لە ماندوێتییەکی ئاسایی، بەڵکو گەواهیدەرە لەسەر قەیرانێکی سیستەمی کە تێیدا ژنان دوای تەواوبوونی دەوامی فەرمی لە دامەزراوەکان، بەرەو “نۆرەی دووەم” هەنگاو دەنێن.
لە عێراق و هەرێمی کوردستان؛ قەیرانەکە قووڵترە لەکاتێکدا جیهان باس لە دابەشکردنی ئەرکەکان دەکات، ژنانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەژێر فشارێکی سێقاتدا دەژین. لێرەدا، جگە لە ئەرکی فەرمی و ئەرکی ناوماڵ، “باری کلتووری و خێزانی” قورساییەکی زیاتر دروست دەکات. ژنانی کارکەر لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ڕووبەڕووی چاوەڕوانییەکی زۆری خێزانی دەبنەوە؛ پێویستە هەم فەرمانبەرێکی لێهاتوو بن و هەم میوانداری و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە فراوانەکان بە ڕێکوپێکی بەڕێوە ببەن. نەبوونی سیستەمێکی پێشکەوتووی دایەنگە لە شوێنەکانی کار و کورتیی ماوەی مۆڵەتی دایکایەتی لە کەرتی تایبەتدا، وای کردووە ژنی کورد لە نێوان “دەستبەرداربوون لە خەونە پیشەیییەکان” یان “سووتیان لەژێر باری ئەرکەکاندا” یەکێکیان هەڵبژێرێت.
ئەگەرچی لە ڕووی یاسایی و تیۆرییەوە هەنگاوی گەورە بەرەو یەکسانی نراوە، بەڵام جومگە سۆسیۆلۆژییەکانی کۆمەڵگە هێشتا لەژێر هەژموونی ئەو دیدگا کلاسیکییەدا ماونەتەوە کە ماڵ و بەخێوکردنی منداڵ بە “قەڵەمڕەوی سروشتیی ژن” دادەنێت. ئەم تێڕوانینە وای کردووە کە پیاوان لە ناوماڵدا تەنها وەک “هاوکارێکی کاتی” دەربکەون، نەک وەک هاوبەشێکی ڕاستەقینە. توێژینەوەیەکی زانکۆی هارڤەرد دەریخستووە کە تەنانەت لەو خێزانانەی ژنەکە داهاتی زیاترە لە پیاوەکە، هێشتا ژنەکە ڕێژەیەکی زیاتری کارە ناوخۆییەکان ئەنجام دەدات، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ “قەرەبووکردنەوەی” ئەو جێگۆڕکێیە ڕەگەزییەی کە لە داهاتدا دروست بووە، کە دواجار بە “سووتانی دەروونی” (Burnout) کۆتایی دێت.
ترسناکترین ڕەهەندی ئەم بابەتە، ئەو “بارە دەروونییە” (Mental Load) نادیارەیە کە بە تەواوی کەوتووەتە سەر شانی ژنان. ئەم بارە تەنها ئەنجامدانی کارە فیزیکییەکان نییە، بەڵکو “بەڕێوەبردنی پڕۆژەی ژیانە”. چەمکی “Labor of Love” زۆرجار وەک پاساوێک بەکاردێت بۆ شاردنەوەی ئەم ماندوێتییە؛ لە بیرکردنەوە لە وردەکارییەکانی تەندروستی منداڵ و پێداویستییەکانی ناوماڵەوە تا ڕێکخستنی سۆزداری و کۆمەڵایەتی خێزان. ئەم جۆرە لە کارکردنی مێشک، کە ٢٤ کاتژمێر بەردەوامە، هێزی داهێنان و گەشەی پیشەیی لە ژنان دادەماڵێت و وایان لێ دەکات هەمیشە هەست بە کەمتەرخەمی بکەن، چونکە مێشکیان لە نێوان دوو جیهانی جیاوازدا دابەش بووە و ناتوانن لە هیچ کامیاندا پشوویەکی ڕاستەقینە بدەن.
لە ڕووی ئابوورییەوە، باری دووچەندە وەک بەربەستێکی گەورە لەبەردەم “کەلێنی مووچە” و گەیشتنی ژنان بە پۆستە باڵاکان دەوەستێتەوە. بەپێی داتاکانی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی (WEF)، ئەم بارە ناهاوسەنگە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەوەی کە ژنان بە ڕێژەی ٢٥٪ کەمتر لە پیاوان دەگەنە پلە باڵاکانی بەڕێوەبردن، چونکە “کات” کە گەورەترین سەرمایەیە، لای ژنان بۆ کارە بێبەرامبەرەکان بەفیڕۆ دەچێت. چارەسەری ئەم قەیرانە تەنها بە گۆڕینی یاساکان نابێت، بەڵکو پێویستی بە شۆڕشێکی ڕۆشنبیری هەیە کە تێیدا “باوکایەتی” وەک ئەرکێکی کارا و “ماڵداری” وەک بەرپرسیارێتییەکی هاوبەش پێناسە بکرێتەوە. تا ئەو کاتەی ماندوێتیی ژنان وەک “قوربانیدانی پیرۆز” ناوزەد بکرێت، یەکسانیی ڕەگەزی تەنها وەک دروشمێکی بێناوەڕۆک لە سەر کاغەز دەمێنێتەوە.
