Rewan

Women's Media and Culture Organization

(Rewan Media & Social Services)

رێوان

رێكخراوی راگەیاندن و رووناکبیری ژنان

(میدیای رێوان - کۆمەڵایەتی)

  • سەرەکی
  • هەواڵ
  • راپۆرت
  • بەدواداچوون
  • چاوپێکەوتن
  • مەڵتیمیدیا
    • فۆتۆ
    • ڤیدیۆ
  • کۆمەڵایەتی
  • کوردی
  • English

فه‌زای نێرینه‌ زاڵه‌ به‌سه‌ر رێگاوبانه‌کانی سلێمانیدا




2015-03-07

رێوان

(696) جار بینراوە

 
هه‌ر کیلۆمه‌ترێکی سلێمانی 19 شوێنی ته‌رفیهی بۆ پیاوان تێدایه‌‌

هاولاتي
ئاڵا لەتیف

    گروپێكی هونەری لەپڕۆژەیەكیاندا رەخنە لەفەزای گشتی رێگاوبانەكانی شاری سلێمانی دەگرن‌و پێیانوایە پلانی پەڕینەوە لەشارەكەدا نیە، لەڕوی جێندەریشەوە فەزای نێرینەیی زاڵە بەسەر رێگاوبانەكاندا، بەجۆرێك هەر كیلۆمەترێك لەڕوبەری گشتی شاری سلێمانی 19 شوێنی تایبەت بەكۆبونەوەو كات بەسەربردنی پیاوانەی تێدایە.

سولی ئۆن – گروپێكی هونەریەو لە 2007 دامەزراوە- لەدواین پڕۆژەیدا بەناوی پڕۆژەی رێگا كە لەئەمنە سورەكە نمایشیكرد حاڵی ترافیك‌و روداوەكانی هاتوچۆ‌و لەمپەرەكان‌و هێڵەكانی پەڕینەوە‌و نایەكسانی جێندەری لەبونی زۆرترین ژمارەی شوێنەكانی تایبەت بەپیاوان خستەڕوو.
 
رێگاكانی سلێمانی بۆ پیاوانە

شاری سلێمانی بەتەواوی شەقام‌و فلكەكانیەوە لەسەر نەخشەیەكی گەورە بەڕوبەری 6.50 بە 2.44م كێشرابوو، هەر خاڵێكی سوری سەر نەخشەكە گوزارشت بوو لەیەكێك لەو كافتریاو شوێنە تەرفیهیانەی كە لەسەر شەقامەكانی سلێمانی هەیەو تەنها پیاوان دەتوانن روی تێبكەن. كارێكی ئاسان نەبوو هیچ بینەرێكی ئەو نەخشەیە بتوانێت ژمارەی راستەقینەی ئەو خاڵە سورانە بزانێت كە لەسەر نەخشەكە هەیە.

هاوناز جەلال، دەرچوی پەیمانگای هونەرە جوانەكانەو ئەندامی گروپی سولی ئۆنە، لەڕێگای ئەو نەخشەیەوە ویستویەتی جیاوازی جێندەری لەشەقامەكانی شاری سلێمانیدا بخاتەڕوو.

72كیلۆمەتر دوجا روبەری گشتی ئێستای شاری سلێمانیە، بەپێی نەخشەكەی هاوناز 1331 شوێنی تەرفیهی تایبەت بەپیاوان لەشەقامەكانی ئەم شارەدا بونی هەیە، بەو پێیەش هەر كلیۆمەترێك دوجای ئەو روبەرە 19 شوێنی تایبەت بەپیاوانی بەردەكەوێت كەبریتین لەشوێنی بیلیارد كردن، نێرگەلەكێشان، مەی خواردنەوە، چایخانە، چێشتخانە، كافتریا.

هاوناز پێیوایە بەهۆی بونی ئەو ژمارە زۆرەی شوێنی تایبەت بەپیاوانەوە فەزای گشتی رێگاوبانەكان مۆركی پیاوانەیان بەسەردا دابڕاوە، دەڵێت «پیاو تەنانەت لەڕێگاشدا زاڵە بەسەر ژندا‌و رێگاكانی سلێمانی بۆ پیاوانە«.
slemani

هاوناز جەلال لەکاتی پێشاندانی نەخشەی شوێنە تەرفیهیەکانی سلێمانی کە تایبەتن بە پیاوان فۆتۆ: فەریق هەڵەبجەیی

تەنها لەسنوری ئەو بەشەی شاری سلێمانی كەدەكەوێتە ناوەڕاستی شەستیەكە نزیكەی 500 شوێنی تایبەت بەپیاوان هەیە، بەو پێیەش كەهاوناز روماڵیكردوە لەو روبەرەدا ژنان تەنها ئارایشتگایان هەیە لەگەڵ‌ بونی هەندێك كافتریا كەتێكەڵاوەو ژنان‌و پیاوانیش وەك یەك دەتوانن بۆی بچن.

هاوناز پێیوایە ئەم نەخشەیەی شاری سلێمانی كە سور دەكاتەوە بەهۆی زۆری ژمارەی شوێنەكانی تایبەت بەپیاوان نیشانەی پرسیار لەسەر ئاستی مەدەنی بونی شاری سلێمانی دادەنێ‌و وتی «لەهەر شوێنێك ژن بۆی نەبێ ئامادەیی هەبێ شارستانیەتی ئەو شارە لەدواوەیە، نیشانەی پرسیار لەسەر بەمەدەنیبونی هەموو ئەو شوێنانە هەیە كە تێیدا ژنان‌و پیاوان لێك جیادەكرێنەوە«.

ئامادەكاری ئەو پڕۆژەیە لەڕێگەی كێشانی نەخشەی شاری سلێمانی‌و دیاریكردنی شوێنەكانی كات بەسەربردنی پیاوان دەیەوێت پەیامێكیش ئاراستەی رێكخراوەكانی داكۆكیكار لەمافەكانی ژنان بكات كە زاڵبونی فەزای پیاوانە بەسەر رێگا گشتیەكاندا، جۆرێكە لەتوندوتیژی بەرانبەر بەژنان‌و پێویستە بەرەنگاری ببنەوە «لەسەر جادەكان ئەم هەموو شوێنە دروستكراوە بۆ پیاوان، بەڵام من وەك كچێك بۆم نیە دابنیشم لەگەڵیاندا، ئەمە بۆخۆی جیاكاریە لەنێوان ژن‌و پیاودا».

هاوناز هۆكاری بونی ئەو جیاوازیە جێندەریە لە فەزای گشتی رێگاوبانەكاندا دەگێڕێتەوە بۆ كەمتەرخەمی حكومەت‌و خودی ژنانیش، دەڵێت «حكومەت نەیتوانیوە بەرنامەیەكی هەبێت بۆ تێكەڵاوكردنی شوێنە گشتیەكان، پیاوان توانیویانە هێزی خۆیان بسەپێنن‌و شوێنی خۆیان لەسەر شەقام بكەنەوە، بەڵام ژنان كاردانەوەیان نیە«.

هێڵەكانی پەڕینەوە پیادە دەخەڵەتێنن

یەكێك لەنمایشەكانی پڕۆژەكەی سولی ئۆن رەخنە لەبەشێك لەو هێڵانە دەگرێ‌ كە بۆ پەڕینەوەی پیادە لەسەر شەقامە گشتیەكان دیاریكراون، بەڵام بەدانانی بەربەستی ئاسن لەسەر شۆستەكان ئەو مافە لەپیادە وەردەگرنەوە.

لەبەردەم بینای بەڕێوەبەرێتی گشتی پەروەردەی سلێمانی دیمەنی ئەو چەترە سورە سەرنجت رادەكێشێ كە لەناوەڕاستی شەقامەكەداو بەسەر بەربەستە ئاسنینەكەی سەر شۆستەكەدا چەماوەتەوە، هێمن جەمیل لەم رێگەیەوە رەخنەی لەو هێڵی پەڕینەوانە گرتوە كە پیادە دەخەڵەتێنن.

هێمن یەكێكە لەبەشداربوانی پڕۆژەی رێگا ئاماژە بەوەدەكات كە لەسلێمانی نمونەی چەند هێڵێكی پەڕینەوە هەیە كە ماف دەداتە پیادە بپەڕێتەوە بۆ ئەوبەری شەقامەكە، بەڵام لەسەر شۆستەی نێوان شەقامەكان بەدانانی بەربەستێك ئەم مافەی لێدەسەندرێتەوە، «ئەمەش هەڵخەڵەتاندنی پیادەیە‌و وێڕای ئەوەی سەری لێدەشێوێت ناچاریشی دەكات باز بەسەر ئەو بەربەستانەدا بدات».

سەرپەرشتیاری ئەو پڕۆژەیە پێیوایە بونی ئەو جۆرانەی هێڵی پەڕینەوە لەشەقامەكانی سلێمانی نیشانەی نەبونی پلانی پەڕینەوەیە‌و وادەكات پیادە لەكاتی پەڕینەوەیدا ژیانی خۆی بخاتە مەترسیەوە.

گروپی سولی ئۆن، ماوەی شەش مانگ كاری بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەی رێگا كردوە،  ئازەر عوسمان -رێكخەری گشتی پڕۆژەكە- لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئاماژە بەوە دەكات كە لە رێگەی ئەم پڕۆژەیەوە ویستویانە دۆخی گشتی رێگاوبانەكانی شاری سلێمانی بخەنەڕوو،

دەڵێت «ویستومانە پیشانی بدەین كە رێگاوبان لەسلێمانی شیاو نیە بۆ پیادە، چ لەڕوی نەبونی پلانێك بۆ پەڕینەوەو چ لەڕوی فەزای گشتی رێگاوبانەوە كە بەشێوەیەكی گشتی لەڕوی جێندەریەوه ‌فەزایەكی نێرینەیی زاڵە بەسەر رێگاكاندا».



زیاتر

ژنان لە شۆفێریدا كەمترین سەرپێچی دەكەن
ژنان لە شۆفێریدا كەمترین سەرپێچی دەكەن
گرنگی خواردنە کوردەواریەکان لەوەرزی زستاندا
گرنگی خواردنە کوردەواریەکان لەوەرزی زستاندا
بۆ چارەسەری سەرەتای بێبەرامبەر نەخۆش بەسەردەكەنەوە
بۆ چارەسەری سەرەتای بێبەرامبەر نەخۆش بەسەردەكەنەوە
135 حاڵەتی گیان لەدەستدانی  مێینە تۆماركراوە
135 حاڵەتی گیان لەدەستدانی مێینە تۆماركراوە
بۆبەسزادانی ژن کوژان، داوای لێدەکەن  گۆڕانکاری لەبەرپرسانی دۆسیەکانی ژنان بکات
بۆبەسزادانی ژن کوژان، داوای لێدەکەن گۆڕانکاری لەبەرپرسانی دۆسیەکانی ژنان بکات
دکتۆرە نازەنین نهێنیەكانی دەستدرێژیكردنی سەر منداڵ ئاشكرادەكات
دکتۆرە نازەنین نهێنیەكانی دەستدرێژیكردنی سەر منداڵ ئاشكرادەكات

پرۆژە و چالاکیەکان


  • - له سیمینارێكدا ئەنجامی ئەو راپرسیە خرایە ڕوو
  • - دابەشكردنی جلی زستانە بە سەر ئاوارەكانی كەمپەكانی كەلارو كفری
  • - دابەشكردنی جلی و به رگی زستانە بە سەر ئاوارەكانی كەمپی ئەربەت


چاپکراوەکان






سەرەکی | هەواڵ | راپۆرت | بەدواداچوون | چاوپێکەوتن | کۆمەڵایەتی | فۆتۆ | ڤیدیۆ | چاپکراوەکان | دەربارەی ئێمە | پەیوەندی                         کوردی | English