Rewan

Women's Media and Culture Organization

(Rewan Media & Social Services)

رێوان

رێكخراوی راگەیاندن و رووناکبیری ژنان

(میدیای رێوان - کۆمەڵایەتی)

  • سەرەکی
  • هەواڵ
  • راپۆرت
  • بەدواداچوون
  • چاوپێکەوتن
  • مەڵتیمیدیا
    • فۆتۆ
    • ڤیدیۆ
  • کۆمەڵایەتی
  • کوردی
  • English

خانمان لەنێوان نرخی سەنتەرو ئارایشتگاكاندا




2015-03-07

ساڤان غوڵام

(579) جار بینراوە

 دیاری نەكردنی نرخ بۆ سەنتەرەكانی جوانكاریو ئارایشتگاگان لەلایەن سەندیكای ئارایشتگاكانەوە وایكردووە هەر خاوەن سەنتەرێكی جوانكاری نرخێك بۆ كارەكانی دابنێت.
 زوربوونی سەنتەرەكانی جوانكاری
گەورەكردنی ئارایشتگاكان دوای ماوەیەك لەكاركردن بۆ سەنتەری جوانكاری بەتایبەت لەشارە گەورەكانداو بەرزبوونەوەی نرخی كارەكانیو گوێنەدانی سەندیكای  ئارایشتگاكان لەبەرامبەردا وایكردووە خاوەنی سەنتەرەكان بەدڵی خۆیان كاربكەن، لێرەشدا تەنها خانمان زەرەر دەكەن بەوەی كە هەمان كاری ئارایشتگایان لەسەنتەرەكاندا بۆ دەكرێت، بەڵام بەنرخێكی گرانتر، بۆ ئەم مەبەستە خاوەنی ئارایشتگایەكمان لەیەكێك لەگەڕەكەكانی شاری سلێمانی دواند كە ماوەی ساڵانێكی زۆرە ئارایشتگای هەیەو كاری جوانكاری خانمان دەكات، خاوەنی ئەم ئارایشتگایە كە نەیویست ناوی بهێنین لەبارەی كاری جوانكاری خانمانەوە پێی وتین "نرخی ئارایشتگاكەی من زۆر گونجاوە لەگەڵ خانماندا"، ئەو وتی "هیچ كەسێك نرخمان بۆ دیاری ناكات، تائێستاش هیچ ئارایشتگایەكو سەنتەرێك بەهۆی دانانی نرخەوە سەربەخۆ سزا نەدراوە بۆ نموونە هەندێك ئارایشتگا هەیە لەقایمقامیەتەوە پێی وتراوە لەبارەی نرخەوە، بەڵام بەقسەی نەكردوون"، ئەو خانمە وتیشی "سەندیكا هیچ كارێكی نەكردووە لەو بارەیەوەو باوەڕیش ناكەم كە بتوانێت كارێك بكات"، ئەو لەبارەی ئەو كەلوپەلو ماددانەی كە بەكاری دەهێنێتو جیاوازی لەگەڵ سەنتەرەكاندا وتی "وەك خۆم ئەو كەلوپەلو بابەتی جوانكارییەی بەكاری دەهێنم هیچی كەمتر نییە لەگەڵ ئەوانەی سەنتەرەكاندا"، وتیشی "هۆكاری گرانی نرخی سەنتەرەكان دەگەڕێتەوە بۆ زۆری ژمارەی ئەو شاگردانەی كە لای خاوەن سەنتەرەكە كاردەكەن، هەروەها گرانی كرێی ئەو بینایەی كە تێیدان"، دەشڵێت "تەنها جیاوازی ئارایشتگاو سەنتەر ئەوەیە كە سەنتەرەكان شوێنیكی گەورەتریان هەیە بۆ ئەوەی ئەو كارانەی تێدا بكەن كە چەند كاتژمێرێك دەخایەنێت".
جیاوازی نێوان سەنتەرو ئارایشتگاكان
خاتوو شاگوڵ عومەر كە خوێندكاری زانكۆیەو تەمەنی 23ساڵە دەڵێت "بۆ كاری جوانكاری دەچمە ئارایشتگاو كارەكانیان تاڕادەیەكی زۆر جوانە، سەبارەت بەنرخیش هەر ئارایشتگایەك نرخێكی داناوەو بەپێی ئارایشتگا نرخەكەش دەگۆڕێت"، شاگوڵ وتیشی "هەندێك لەئارایشتگاكان لەچاو كارەكانیاندا نرخیان زۆر گرانە، بەڵام هەندێكیان نرخەكانیان گونجاوە"، وتیشی "جیاوازی زۆر هەیە لەجۆری ئەو دەرمانانەی كە ئارایشتگاكان بەكاری دەهێنن لەڕووی باشیو خراپی دەرمانەكانیانەوەو لەئارایشتگایەكەوە بۆ ئارایشتگایەكی تر دەگۆڕێت".
مهاباد عەلی-ش خاوەنی پەیمانگاو سەنتەری پیشەیی ئەهلی جوانكار لەشاری سلێمانی ئەندامی لیژنەی سەندیكای ئارایشتگاكانو جێگری سەرۆكی سەندیكای ئارایشتگاكانی سلێمانی لەبارەی كارو نرخی سەنتەرەكانەوە بەمشێوەیە بۆمان دواو وتی "ماوەی ساڵانێكی زۆرە كاری ئارایشتگا دەكەم، دواترو وردە وردە ئارایشتگاكەم كرد بەپەیمانگا، ئێمە وەك سەنتەری جوانكاری نرخی كارەكانمان دیاریكراوو گونجاوە بۆ خانمانو رێژەیەكی زۆریش لەخانمان روو دەكەنە سەنتەرەكەم"، خاتوو مهاباد وتی "لەبەر ئەوەی خۆم ئەندامی لیژنەی سەندیكام لێپرسینەوە دەكەین لەگەڵ ئەو ئارایشتگاو سەنتەرانەی كە نرخیان بەرزەو بەئارەزووی خۆیان نرخ دادەنێن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نرخ دانانرێت، چونكە هەندێك ئارایشتگا یان سەنتەر هەیە كارێكی سادە دەكات، بەڵام بەپێچەوانەوە هەندێكیان كارێكی باشو جوان دەكەن بۆیە ناتوارێت یەك نرخ بۆ هەردووكیان دابنرێت"، ئەم خاتوونە لەبارەی جیاوازی نێوان ئارایشتگاو سەنتەرەكانەوە وتیشی "سەنتەر لەگەڵ ئارایشتگادا هیچ جیاوازییەكی نییە تەنها ئەوەیە كە رووبەری ئەو شوێنەی كە كاری تێدا دەكات گەورەتر لەهی ئارایشتگا، ئەو كەلوپەلانەشی كە بەكاری دەهێنن هەمووی وەكو یەك وایەو لەڕێگەی چەند وەكیلێكەوە لەدەرەوەی وڵات بۆمان دێت"، دەشڵێت "هەندێك ئارایشتگا هەیە كارەكەی لەزۆربەی سەنتەرەكان جوانترە".
نرخی سەنتەرەكان زۆر گرانە
شیلان عەباس-یش كە پیشەی مامۆستایەو تەمەنی 29ساڵە لەبارەی گرانی نرخی سەنتەرەكانەوە وتی "بەشێوەیەكی بەرچاو سەنتەرەكان رووی لەزیادبوون كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا نرخیان زۆر گرانە كەچی هەمان كاری ئارایشتگاكانیشت بۆ دەكەن"، وتیشی "یەك جار چووم بۆ سەنتەر بۆ ئەوەی كاری جوانكاری بكەم كە بینیم هەمان كاری ئارایشتگا دەكەنەوە ئیتر نەچوومەوە"، ئەو دەڵێت "هەر لەبەر ئەوەی شوێنی كاركردنەكەیان لەجێگەیەكی دیاردایەو گەورەترە بۆیە نرخ ئاوا گران دەكەن، لەبەرئەوە بەڕای من پێویستە نرخیان بۆ دیاری بكرێت بۆ ئەوەی چیتر پارەی زۆر لەخانمان نەكێشنەوە"، خاتوو شیلان دەشڵێت "بەردەوام دەچمە ئارایشتگاو كاری ئەو ئارایشتگایەشی كەدەچم زۆر بەدڵمەو ئەوەی كە خۆم دەمەوێت بۆم دەكات".
نەسرین ئەحمەد-ی تەمەن 30ساڵیش كە فەرمانبەری یەكێك لەفەرمانگە حكومیەكان بوو پێی وتین "زۆرجار دەچمە سەنتەرەكان بۆ كاری جوانكاری، چونكە هەستدەكەم كە ئەوان ماددەی باشترو ماركە بەكار دەهێنن، هەروەها شێوازی نوێی قژبڕینو كاری جوانو جیاواز دەكەن"، ئەم خانمە بەپێچەوانەوە دەڵێت "گرانی نرخی سەنتەرەكان هەقی خۆیانە، چونكە لەبەرامبەردا كاری جوان دەكەن". 



زیاتر

ژنان لە شۆفێریدا كەمترین سەرپێچی دەكەن
ژنان لە شۆفێریدا كەمترین سەرپێچی دەكەن
گرنگی خواردنە کوردەواریەکان لەوەرزی زستاندا
گرنگی خواردنە کوردەواریەکان لەوەرزی زستاندا
بۆ چارەسەری سەرەتای بێبەرامبەر نەخۆش بەسەردەكەنەوە
بۆ چارەسەری سەرەتای بێبەرامبەر نەخۆش بەسەردەكەنەوە
135 حاڵەتی گیان لەدەستدانی  مێینە تۆماركراوە
135 حاڵەتی گیان لەدەستدانی مێینە تۆماركراوە
بۆبەسزادانی ژن کوژان، داوای لێدەکەن  گۆڕانکاری لەبەرپرسانی دۆسیەکانی ژنان بکات
بۆبەسزادانی ژن کوژان، داوای لێدەکەن گۆڕانکاری لەبەرپرسانی دۆسیەکانی ژنان بکات
دکتۆرە نازەنین نهێنیەكانی دەستدرێژیكردنی سەر منداڵ ئاشكرادەكات
دکتۆرە نازەنین نهێنیەكانی دەستدرێژیكردنی سەر منداڵ ئاشكرادەكات

پرۆژە و چالاکیەکان


  • - له سیمینارێكدا ئەنجامی ئەو راپرسیە خرایە ڕوو
  • - دابەشكردنی جلی زستانە بە سەر ئاوارەكانی كەمپەكانی كەلارو كفری
  • - دابەشكردنی جلی و به رگی زستانە بە سەر ئاوارەكانی كەمپی ئەربەت


چاپکراوەکان






سەرەکی | هەواڵ | راپۆرت | بەدواداچوون | چاوپێکەوتن | کۆمەڵایەتی | فۆتۆ | ڤیدیۆ | چاپکراوەکان | دەربارەی ئێمە | پەیوەندی                         کوردی | English