Rewan

Women's Media and Culture Organization

(Rewan Media & Social Services)

رێوان

رێكخراوی راگەیاندن و رووناکبیری ژنان

(میدیای رێوان - کۆمەڵایەتی)

  • سەرەکی
  • هەواڵ
  • راپۆرت
  • بەدواداچوون
  • چاوپێکەوتن
  • مەڵتیمیدیا
    • فۆتۆ
    • ڤیدیۆ
  • کۆمەڵایەتی
  • کوردی
  • English

لەژێر ناوی "زانیاری بۆ هەمووان" ژمارەیەك لەگۆڤارە كوردییەكان كەسایەتی ژن دەروشێنن




2015-03-07

رێوان

(469) جار بینراوە

 ئا: ئەڤین ئەحمەد
بێ سانسۆریو نەبوونی چاودێری پێویست لەسەر زۆرێك لەو گۆڤارو چاپەمەنییانەی كە كەسایەتی ژن وەكو كاڵایەك بۆ پەیداكردنی پارەو بازرگانیكردن بەكاردێنن وای لەخوێنەران كردووە گلەیی لەشێوازی خستنەڕووی بابەتەكانی نێو "هەندێك" لەو گۆڤارانە بكەن، پسپۆڕیكی دەروونیش دەڵێت "بابەتەكانی نێو بەشێك لەگۆڤارەكان وا لەگەنجان دەكات تەنها لەڕووی غەریزەوە سەیری رەگەزی بەرامبەر بكەن".
كچانی رۆژنامەنووس، لایەنە پەیوەندیدارەكان بەرپرسن
هێرۆ یاسین رۆژنامەنووس لەڕۆژنامەی كوردستانی نوێ، بڵاوكردنەوەی بابەتی ورووژێنەر لەهەندێك گۆڤار بەهەوڵێك بۆ شكاندنی كەسایەتی كچو ژن وەسفكرد وتی "بڵاوكردنەوەی بابەتە ورووژێنەرو سێكسیەكان بەهیچ شێوەیەك سوود بەخوێنەر ناگەێنێت بەڵكو بەدڵنیاییەوە زیانەكانی زیاترەو كاردانەوەی خراپیشی دەبێت بۆ سەر كۆمەڵگە بەگشتی"، وتیشی "مەبەست لەبڵاوكردنەوەی ئەو جۆرە بابەتانە راكێشانی خوێنەرو پەیداكردنی پارەیەكی زۆرترە، چونكە زۆرێك لەگۆڤارەكان خۆیان لەبنەڕەتدا خوێنەریان كەمەو لەڕێگای بڵاوكردنەوەی بابەتی ورووژێنەرەوە دەیانەوێت خوێنەر كۆبكەنەوە".
لای خۆیەوە ساڤان غوڵام  رۆژنامەنووس لەڕۆژنامەی رێوان، دەرچوونی ئەو جۆرە گۆڤارانەی بەلادان لەئەخلاقییاتی كاری رۆژنامەگەری وەسفكردو هاوكات ئاماژەی بەوەكرد كەمەبەست لەدەرچوونی ئەو گۆڤارانە تەنها پارەپەیدا كردنەو وتی "زۆربوونی گۆڤارەكان لەبازاڕداو كۆنتڕۆڵ نەكردنی لەلایەن لیژنەیەكی تایبەتەوە وایكردووە جۆرەها گۆڤار دروست ببێت كە بابەتی هەندێكیان لەچوارچێوەی كاری رۆژنامەنووسی دەرچووەو ئامانجی ئەو كەسانەی كەگۆڤارەكە بەڕێوەدەبەن تەنها بۆ فرۆشتنو پارە پەیدا كردنە، ئەمە جگە لەوەی كە زۆربەی گەنجانو هەرزەكاران بەلاڕێدادەباتو لەڕووی دەروونیەوە رووبەڕوی حاڵەتی نائاساییان دەكاتەوە، چونكە ئەو بابەتانەی كە ئەوان بڵاوی دەكەنەوە هیچ سوودێك ناگەیەنن بەتاك بگرە لەوانەیە كەسەكە تووشی هەڵە بكەنو كۆتاییەكەشی بەرووداوێكی ناخۆش بێت" ، وتیشی "دەبێت لایەنی پەیوەندیدار لەو بارەیەتە بپرسێتەوە، بەڵام لەئێستادا دیارە ئەوە نییە چونكە ئەگەر لێپرسینەوە هەبوایە بەو شێوەیە ئەو جۆرە گۆڤارانە بوونیان نەدەبوو كە بوونەتە هۆی ناشرینكردنی كاری رۆژنامەنووسیش، هەرەوەها دەبێت ئەو كەسەی كە گۆڤارەكە بەرهەم دەهێنێت خۆی ببێتە بەرپرسی خۆی، چونكە ئەگەر كەسێك دەربارەی یاساو ئەخلاقی رۆژنامەنووسی زانیاری هەبێت لەوە تێدەگات كە كاری راگەیاندن یاساو ئەخلاقی تایبەت بەخۆی هەیەو دەرچوون لەوەش كارێكی نەگونجاوەو بەو شێوەیە بێسەرەو بەرەیی دروست دەبێت" ،ساڤان پێشی وایە "لایەنە پەیوەندیدارەكان لەوەزارەتی رۆشنبیریو سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان بەرپرسن لەدەرچوونی ئەو جۆرە گۆڤارانەو پێویستە ئیجرائاتی جدی بكەن بەرامبەر بەو گۆڤارانە".
لەكۆتایشدا شاجوان غەریب لەڕۆژنامەی هاوڵاتی  وتی "رێنمایكردنی گەنجان شتێكی پێویستە، بەڵام بەداخەوە ئەو بابەتانەی ئەمڕۆ لەنێو هەندێك لەگۆڤارەكاندا دەیبینین هیچ سوودێك بەگەنج ناگەێنێت، بەڵكو رێگایەكە بۆ بڵاوكردنەوەی لادانی كۆمەڵایەتی"، شاجوان وتیشی "ورووژاندنی گەنجان لەڕێگای سێكسەوە بیركردنەوەی گەنج بەرامبەر بەژن دەگۆڕێتو وایلێدەكات ژنان وەكو وەسیلەیەك بۆبەتاڵكردنی حەزی پیاوان بزانێتو لێرەشەوە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان سنوورێك بۆ ئەو جۆرە بڵاوكراوانە دابنێن".
پسپۆڕێكی دەروونی:  لەكوردستاندا كەسی "سێكسۆلۆژی ئەكادیمی" بوونی نییە
سامان سیوەیلی پسپۆڕی بواری دەروونناسی  دەرچوونی ئەو جۆرە گۆڤارانەی بەپێشیلكردنی ئازادی گشتی كۆمەڵگە وەسفكردو هاوكات ئەوەشی ئاشكراكرد بڵاوكراوەكانی نێو ئەو گۆڤارانە وادەكەن گەنجان تەنها لەڕووی غەریزەوە سەیری رەگەزی بەرامبەر بكەنو وتی"بڵاوكردنەوەی رۆشنبیری سێكسی پێداویستییەكی سەرەكییە بۆ گەنجان لەهەندێك رووەوە، بەڵام كێشەی ئێمە لەوەدایە  كێن ئەو كەسانەی ئەم رۆشنبیرییە دەبەخشنەوەو بەچ شێوازێك دەیبەخشنەوەو ئایا تاچەند بەسوودی كۆمەڵگە دەشكێتەوە"، هەروەها وتیشی "بەداخەوە وەكو لەسەر زاری خەڵكەوە دەبیسترێتو تێبینی دەكرێت زۆرینەی هاوڵاتیان گلەییان لەشێوازی خستەڕووی بابەتە سێكسییەكان هەیە لەهەندێك لەوگۆڤارانەی كار لەو بوارە دەكەن كەتێدا رەچاوی ئازادی گشتی كۆمەڵگە ناكرێتو مەبەستیش لەبابەتەكان زیاتر ورووژاندنی گەنجانە كەئەوەش بەزیان دەگەڕێتەوە بۆ سەر كۆمەڵگەو هاوكات واشدەكات گەنجان زیاتر لەڕووی غەریزەوە سەیری رەگەزی بەرامبەر بكەن وەكو ئامڕازێك بۆ تێركردنی حەزەكانیان".
هەر لەدرێژەی قسەكانیدا سامان ئەوەی خستەڕوو "یەك كەس لەكوردستاندا نییە پێی بووترێت (پسپۆری سێكسۆلۆژی ئەكادیمی) ، ئەوانەی كەلەو بوارە ئیشدەكەن هەندێكجار پزیشكە دەروونیەكانو هەندێكجاریش پسپۆڕە دەرونیەكانن كەئەمەش ئەوە ناگەێنێت ئێمە شارەزابین لەبواری سێكسۆلۆژیدا، ئەو گۆڤارانە زۆرجار بابەتەكانیان لەڕێگای ئینتەرنێتەوە بەدەست دەهێننو وەریدەگێڕنو بڵاویدەكەنەوە كەئەو بابەتانەش زۆرجار هەڵەنو دوورن لەڕاستیەوە، بۆیە من بەدڵنیاییەوە دەڵێم لەسەرانسەری كوردستاندا هیچ گۆڤارێكی ئەكادیمی سێكسۆلۆژی بوونی نییە بەمانای ووشە كە كەسانی پسپۆڕو شارەزا لەبواری سێكسدا لەژێر ناوی كەسی سێكسۆلۆژی ئەكادیمی كاری تێدا بكەن"، ئەوەش وەكو وەڵامێك بۆ ئیدیعای هەندێك لەو گۆڤارانەی كەلەژێر ناوی گۆڤارێكی سێكسۆلۆژی ئەكادیمی بابەتەكانیان بڵاودەكەنەوە .
لەكۆتایشدا سامان چەند لایەنێكی دەستنیشانكردو بەرپرسیارێتی بڵاوكردنەوەی ئەو جۆرە گۆڤارانەی خستە ئەستۆی ئەوانو وتی "وەزارەتی رۆشنبیریو سەندیكای رۆژنامەنووسان گرنگە كەچاودێری هەموو ئەو گۆڤارو بڵاوكراوانە بكات كەلەبازارەكاندا هەنو ئەوان بەرپرسیارن لەبڵاوكردنەوەی ئەم جۆرە بابەتانەو گۆڤارانەو پێویستە لەڕێگای لیژنەیەكی هاوبەشەوە چاودێری ووردی گۆڤارەكان بكرێتو لەو رووەشەوە رێنمای پێویست دەربكرێتو جێبەجێبكرێت".
مامۆستایەكی زانكۆ: هیچ گرەنتیەك نییە لەبارەی دیاریكردنی تەمەنەوە بۆ كەسی خوێنەر
د. ئیبتسام ئیسماعیل قادر سەرۆكی بەشی راگەیاندن لەزانكۆی سلێمانی، تیشكی خستەسەر هەندێك لەو گۆڤارانەی كەكار لەسەر لایەنی "سێكسۆلۆژی" دەكەنو پێی وابوو پێش هەنگاونان لەكاركردن لەو بوارە هەستیارەدا پێویستە رەچاوی كلتووری كۆمەڵگە  بكرێتو لەو بارەیەشەوە  وتی "یەكێك لەئەركە سەرەكیەكانی راگەیاندن هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگەیە لەڕووی فیكریو ئەخلاقیەوە كە بۆ ئەم مەبەستە پێویستە رۆژنامەنووس خۆی باگراوەندێكی رۆشبیری بەرزی هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت رووداوەكان وەكو خۆیو بەشێوەیەكی دروست بەهاوڵاتی بگەێنێت، بەڵام بەداخەوە ئەوەی تێبینی دەكرێت هەندێك لەو گۆڤارانە كەئەمڕۆ لەبازارەكاندا بەشێوازێكی بەربڵاو بەدی دەكرێن نەیانتوانیوە ئەو ئەركە وەكو خۆی جێبەجی بكەن بەتایبەت ئەو گۆڤارانەی كەدەیانەوێت بەشێوازێكی نوێ خۆیان دەربخەنو تیشك دەخەنە سەر لایەنە سیكسییەكان كەلێرەدا زۆر پێویستە پێش ئەو هەنگاوە رەهەندەكانی"، وتیشی "باسكردن لەبابەتی سێكسی هەمیشە خەتێكی سوور بووە لەكۆمەڵًگەی ئێمە بۆیە ئێمە دەڵێن پێویستە خوێنەر بەم لایەنە ئاشنا بكرێت، بەڵام نەگات بەو رادەیەی كە ئەمڕۆ لەڕێگای هەندێك گۆڤارەوە دەبینرێت كەبەهیچ شێوازیك ناچێتە قاڵبی هۆشیاركردنەوەیەكی تەندروست بەڵكو مەبەست لێی لادانی گەنجە، چونكە ئەو گۆڤارانە بەرپرسی یەكەمن لەو بابەتانە یاخوود ئەو وێنانەی كەبڵاوی دەكەنەوە"، د. ئیبتسام روونكردنەوەی زیاتریشی بەخشیو وتی "لەبەرگی یەكەمی هەندێك لەو گۆڤارانەی كەلەبازارەكاندا دەبینرێن  ئاماژە بەوەكراوە سەرووی تەمەنی 18ساڵ دەتوانێت بیخوێنیتەوە، من دەپرسم ئایا چ رێگرێك هەیە یاخوود چ گرەنتیە هەیە كەخوارووی ئەو تەمەنە دیاریكراوە نەیخوێنیتەوە؟ هەموو ئەو بابەتانەش كە بڵاوكراونەتەوە لەو گۆڤارانە هیچ هۆشیاریەكی تیدا نییەو تەنها مەبەست لێی وروووژاندنە بەوێنەو بە ووشە و لەو رووەشەوە پڕۆسەیەكی خەیاڵاوی چۆنیەتی ئەنجامدانی سێكسە دەخاتە خەیاڵو بیری گەنجەوە، هەروەها ئەوەی تێبینی دەكرێت هیچ جۆرە توێژینەوەیەكی زانستی لەو گۆڤارانە بەدی ناكرێت كەپشت بەسەرچاوەیەكی پزیشكی یاخوود سەرچاوەیەكی زانستی تێدا بەدی ناكرێت كەئەوەش ئەوپەری هەڵەیە، چونكە گەنجی ئێمە لەقوناغەكانی پێشووی تەمەنیدا هۆشیار نەكراوەتە دەربارەی پڕۆسەی سێكسی ئەم گوزارانەش كەبەم لێشاوییە باس لەو بابەتانە دەكەن بێگومان گەنج تووشی حاڵەتێكی دەروونی ئاڵۆز دەكەن كەدەرئەنجامەكەی لادانە لەبەها ئەخلاقییەكان"، لەكۆتایشدا ئیبتسام ئەوەی خستەڕوو كەلایەنە بەرپرسەكان پێویستە ئیجرائاتی جدی وەرگرن بەرامبەر بەو گۆڤارانەو وتی "وەزارەتی رۆشنبیریولاوان هەروەها لایەنە پەروەردەییەكان پێویستە هەنگاو بۆ چاككردنی ئەم رەوشە نالەبارە بنێنوپڕۆسەی سێكسی بخرێتە سیستمی خوێندنەوە بۆ ئەوەی گەنج هۆشیاریو باگراوندێكی سەرەتای هەبێت تایبەت بەم لایەنە".
سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسان: هەندێك لەگۆڤارەكان  "لەدەست دەرچوون"
كاروان ئەنوەر سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان وتی  "بەداخەوە ئەو گۆڤارانەی  ئێستا سێكسۆلۆژی نینو زۆرینەیان بریتین لەوێنەی ورووژێنەروو قسەی لابەلا كەمەبەست لێی بازرگانیو پڕفرۆشییە"، وتیشی "ئێمە وەكو سەندیكا بەپێی یاسا ناتوانین رێگە لەهیچ گۆڤارو بڵاوكراوەیەك بگرینو هەر كێشەیەكیش هەبێت تەنها لەڕێگای سكاڵاو دادگاوە یەكلای دەكرێتەوە، بەڵام هاوكات سەرنووسەری ئەو جۆرە گۆڤارانەش بەبەرپرس دەزانین چونكەپێویستە هەموو بڕگەیەك یاخوود هەموو بابەتێك كەلەو گۆڤارەدا بڵاودەبێتەوە لەبنەمایەكی سێكسی زانستیەوە سەرچاوەی گرتبێت ،بەڵام بەداخەوە هەندێك لەبابەتو پرسیارەكان دەتوانم بلێم تەنها بۆ ورووژاندننو زانستی نین".
لەوەڵامی پرسیارێكیشدا ئاخۆ چ گرەنتیەك هەیە بۆ خوێنەری خوارووی تەمەن 18ساڵ كەئەو جۆرە گۆڤارانە   نەخوێنێتەوە لەكاتێكدا گۆڤارەكە خۆی ئاماژە بەوە دەدات كەتەنها سەرووی ئەو تەمەنە دەتوانێت  گۆڤارەكە   بخوێنێتەوە ، كاروان  وتی "ئەگەر ئەو جۆرە گۆڤارانە بەشێوەیەكی زانستی باس لەبابەتە سێكسییەكان بكەن دەتوانم  بڵێم گەنجێكی  تەمەن 16ـ 17ساڵیش دەتوانێت خوێنەری گۆڤارەكە بێـت، بەڵام ئەو گۆڤارانەی ئەمڕۆ هەن لەدەست دەرچوون بەو مانایەی  پسپۆڕێك یاخوود كەسێكی شارەزا نیە بڕیاری لەسەر بدات ئاخۆ ئەم بابەتە بۆ تەمەنی چەند ساڵ دەبێـتو سوودو زیانەكانیشی لەكوێدایە".                                                                                                                                                  


 خوێنەران:  گۆڤارەكان كەسایەتی ژن دەخەنە ژێر پرسیارەوە                                                                           
 نەرمین شێرزاد 21ساڵ   خوێندكاری پەیمانگای تەكنیكی یە لەسلێمانی ، وتی "هەموو ئەو بابەتانەی لەگۆڤارەكاندا دادەبەزن بەتایبەت ئەوانەی هەواڵەكانی ژنانو لایەنی سێكسی پێكەوە گرێ دەدەن هەموو تەنها بۆ پەیداكردنی پارەنو شتیك نییە نوێ بێتو سوود بەكۆمەڵگەبگەێنێت، من وەكو خۆم پێشتر سەیری بابەتەكانی نێو گۆڤارەكانم دەكرد، بەڵام لەئێستادا سەیریان ناكەم چونكە پێم خۆش نییە ئەو جۆرە بابەتانە بخوێنمەوە"، وتیشی " بێگومان كەلێنێك هەیە لەنێو بواری راگەیاندنداو بەتایبەت گۆڤارەكان كەئەویش هۆكارەكەی نەبوونی چاودێرییە".
لای خۆیەوە  فەرهاد فاروق 30ساڵ  فەرمانبەر، رەخنەگرانەتر رای خۆی دەڕبڕیو وتی "نەخێر من هیچ گۆڤارێك ناخوێنمەوە، چونكە لەو قەناعەتەدام نەیانتوانیوە  بەفیعلی سوود بەخوێنەر بگەێنن، گۆڤارەكانی نێو بازارەكانی ئێمەش هەر لەبەرگی پێشەوەیان دیارە چەند هەژارن لەڕووی زانیاریو سوودگەیاندنەوە، ئێستا بووە بەمۆدێل زۆرێك لەگۆڤارەكان بەوێنەی كچانو بابەتە سێكسییەكان دەیانەوێت خوێنەر بەلای خۆیاندا رابكێشن، ئەمەش هەڵەیەو ستافی بەڕێَوەبردنی گۆڤارەكان لێی بەرپرسیارن".
لەكۆتایشدا شیرین سەعید 28ساڵ مامۆستای قۆناغی بنەرەتی، بێزاربوونی خۆی لەو بابەتانەی كە لەڕۆژنامەو گۆڤارەكاندا بڵاودەبنەوە بەشێوەیەكی گشتی دەربڕیو وتی "بەڕاستی من زۆر ناخوێنمەوە،  بەڵام  ئاگادارم لەوەی چی لەگۆڤارو رۆژنامەكاندا بڵاودەبێتەوە كەهەمووی لەئێستادا بێسوودن"، وتیشی "بەڕاستی زۆرجار مرۆڤ شەرم دەكاتو ناوێرێت ئەو جۆرە گۆڤارانە بكرێت،  بەداخەوە هەندێك گۆڤار  كەسایەتی ژنیان خستۆتە ژێر پرسیارەوە" .



زیاتر

ژنان لە شۆفێریدا كەمترین سەرپێچی دەكەن
ژنان لە شۆفێریدا كەمترین سەرپێچی دەكەن
گرنگی خواردنە کوردەواریەکان لەوەرزی زستاندا
گرنگی خواردنە کوردەواریەکان لەوەرزی زستاندا
بۆ چارەسەری سەرەتای بێبەرامبەر نەخۆش بەسەردەكەنەوە
بۆ چارەسەری سەرەتای بێبەرامبەر نەخۆش بەسەردەكەنەوە
135 حاڵەتی گیان لەدەستدانی  مێینە تۆماركراوە
135 حاڵەتی گیان لەدەستدانی مێینە تۆماركراوە
بۆبەسزادانی ژن کوژان، داوای لێدەکەن  گۆڕانکاری لەبەرپرسانی دۆسیەکانی ژنان بکات
بۆبەسزادانی ژن کوژان، داوای لێدەکەن گۆڕانکاری لەبەرپرسانی دۆسیەکانی ژنان بکات
دکتۆرە نازەنین نهێنیەكانی دەستدرێژیكردنی سەر منداڵ ئاشكرادەكات
دکتۆرە نازەنین نهێنیەكانی دەستدرێژیكردنی سەر منداڵ ئاشكرادەكات

پرۆژە و چالاکیەکان


  • - له سیمینارێكدا ئەنجامی ئەو راپرسیە خرایە ڕوو
  • - دابەشكردنی جلی زستانە بە سەر ئاوارەكانی كەمپەكانی كەلارو كفری
  • - دابەشكردنی جلی و به رگی زستانە بە سەر ئاوارەكانی كەمپی ئەربەت


چاپکراوەکان






سەرەکی | هەواڵ | راپۆرت | بەدواداچوون | چاوپێکەوتن | کۆمەڵایەتی | فۆتۆ | ڤیدیۆ | چاپکراوەکان | دەربارەی ئێمە | پەیوەندی                         کوردی | English