Women's Media and Culture Organization
(Rewan Media & Social Services)
رێوان
(میدیای رێوان - کۆمەڵایەتی)
ریوان
ئا: شاناز حەسەن
توندووتیژی خێزانەكانو كۆمەڵگە چ بەكردار بێت یان قسە كاریگەری سلبی لەسەر دەروونی ژنان دروستدەكات تا ئەو رادەیەی بیرلە خۆكۆشتن بكەنەوە، یەكێك لەو كچانەی كە بەهۆی خراپی هەڵسوكەوتی براكەیەوە ئاگری لەجەستەی خۆی بەرداوە دەڵێت "پەشیمان نیم لەوكارەی كردوومە، چونكە ئەم ئازارەی جەستەم هیچی كەمتر نییە لەو قسە ناخۆشانەی براكەم بەرامبەرم دەیكات".
بڕوا نەبوونی كۆمەڵگە بەتواناكانی ژنانو توندووتیژی بەردەوامی ئەوان وادەكات رێژەی خۆكوژییەكانی ژنان زیاد بكات، ئەگەر سەیرێكی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی دژی ئافرەتان بكەین دەبینین رێژەی خۆكوشتنی ژنان رەنگە لەساڵێكەوە بۆ ساڵێكی جیاوازتربێت لەڕووی كەمو زۆری حاڵەتەكانەوە كە ئەمەش ترسێك لەدەروونی كۆمەڵگەدا دروستدەكات بەوەی كە ئایا هۆكاری ئەمە چییە؟ ئایا چیبكرێت تا ئەم بابەتە بەرەو كەمبوونەوە بڕوات؟ توێژەرێكی كۆمەڵایەتیش دەڵێت "كچانو ژنان تا نەكەونە بەر توانجو رەخنەی شكێنەرو توندەوە ناتوانن بڕیاری خۆكوژی بدەن" كە ئەمەش بەو مانایە دێت كۆمەڵگەكەمان هێشتا لەو ئاستەدایە توندووتیژی دەروونی بەرامبەر ژنان بوونی هەیە، ساكار محێدین یەكێكە لەو كچانەی بەهۆی خراپی براكەیەوە پەنای بۆ خۆسوتاندن بردووە، چونكە نەیتوانیوە چیتر لەو بارە دەروونیە ناهەموارەدا بژی، ئەو ماوەی سێ مانگە لەنەخۆشخانە كەوتووەو بەم شێوەیە باسی لەووە كرد پلانی ئەوەی داناوە خۆی بكوژێت وتی "لەڕووی دەروونیەوە ئەوەندە بێ هیواو بێ هێز بووم كە زۆر شت بەمێشكمدا دەهات تا ئەو رادەیەی خۆكوژی بكەم".
ئەوەی ئەم كچەی لەزۆربەی ئەو كچانە جیادەكردەوە كە خۆیان دەكوژن بەهەر شێوەیەك بێت ئەوە بوو كە ساكار هەرگیز پەشیمان نەبوو لەوكارەی كردویەتی، چونكە پێوابوو "براكانی ئەویان لێ زیادە بووە".
كۆمەڵگە هۆكاری یەكەمە
یەكێكی تر لەو كچانەی كە هەوڵی خۆكوشتنی داوە تا كۆتایی بەژیانی خۆی بهێنێت شادی محێدین بابەكر-ی تەمەن 24 ساڵە ئەویش لەڕێگەی خواردنی حەپەوە، بەڵام ئەو هەوڵەی سەركەوتوو نەبوو و لەئێستاشدا ئەو كچە حاڵی باشە، شادی بەم شێوەیە باسی كێشەكەی خۆی بۆ كردینو وتی "بەهۆی ئەوەیكە وەكو سكرتێر لەكلینیكێكی پزیشكی دەواممو شەوانیش كە كارەكەم تەواو دەبوو ئەو پزیشكەی كەلای كارم دەكرد دەیگەیانمە ماڵەوە، هەر جارێكیش خزمێكم یان دراوسێیەك دەیانبینیم لۆمەیان دەكرمو دەیانوت بۆچی ئەم دكتۆرە تا ماڵەوە دەتگەیەنێتو ئەوەندە باشە لەگەڵتدا!"، شادی وتی "ماڵەوەمان لایان ئاساییی بوو ئەو كارە بكەم، چونكە دەیانزانی كە كارێكی رێكوپێكەو كێشەی نییە، بەڵام خەڵكی كۆمەڵگەكەمان تا ئێستا لەوە تێناگەنو مێشكیان ئەوەندە فراوان نەبووە كە هیچ كێشەیەك نییە كچێك كاربكاتو كەمێك درەنگ بگەڕێتەوە ماڵەوە"، محێدین بابەكر باوكی شادی-یش وتی "من بڕوام بەكچەكەی خۆم هەیە بۆیە رێگەم پێدا بچێت وەك سكرتێری پزیشكێك كاربكات، بەڵام كۆمەڵگە قسەی كۆمەڵگە وازت لێناهێنێت"، شادی باسكرد لەوەشكرد كە چی زیاتر وایكردووە خۆی بكوژێتو وتی "كۆتا شەو كاتێك گەڕامەوە بۆ ماڵەوە باوكو دایكم پێیان وتم بۆ بەم شەوە درەنگەئەو پزیشكە هێناومیەتەوە بۆ ماڵەوە؟، بۆیە منیش بەناچاریو بۆ ئەوەی قسەی ماڵەوەو كۆمەڵگەش نەیەتە سەرم بڕیارمدا كۆتایی بەژیانی خۆم بهێنم"، بەڵام ئێستا شادی پەشیمانە لەو كارەی كردوویەتیو دەڵێت "پەشیمانم كە خێزانەكەم بەهۆی منەوە فرمێسك دەڕێژن".
ژنان هەست ناسكترن
نازەنین عوسمان كە توێژەری كۆمەڵایەتییەو بەپێی شارەزایی لەبوارەكەیدا لەبارەی ئەوەی ژنان بۆچی لەلایەنی كۆمەڵایەتیەوە كاریگەری زۆریان لەسەر دەبێتو ناتوانن روبەڕووی كۆمەڵگە ببنەوە وتی "ژنان یاتر هەست ناسكنو دەروونیان بەردەوام ئاڵۆزە بەدەورووبەرو كارەوە، بۆیە بچووكترین بابەت كاردانەوەی هەیە لەسەریان"، ئەو خانمە توێژەرە وتیشی "بەداخەوە كچ لەكۆمەڵگەی كوردیدا لاواز سەیر دەكرێتو پێیانوایە ناتوانێت خاوەن بڕیار بێتو لەهەموو كایەكاندا بەشدار بێت"، بەڕای نازەنین چارەسەر بۆ ئەم بابەتە "بڕوابوونی كۆمەڵگەیە بەتوانای ژنانو بەوەی كە ژنیش وەك پیاو دەتوانێت راستو هەڵەی خۆی بزانێت".
كانی جەزا-ی تەمەن 23 ساڵ یەكێكی ترە لەو كچانەی هەوڵی خۆكوشتنی داوەو بەشەرمەوە بۆی باسكردین كە چۆن دوو ساڵ بەر لەئێستا هەوڵی خۆكوژی داوەو وتی "لەتوڕەیی خۆم بەرامبەر كۆمەڵگەو قسەی كوڕان دەرمانی مشكم خوارد بۆ ئەوەی بمرم"، كانی بەهۆی ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ كوڕێكداهەبووەو ماڵەوەیان بەمەیانزانیوە بۆیە بووەتە جێی قسەی ماڵەوەیانو كۆمەڵگە، بۆیە ئەویش ویستویەتی كۆتایی بەو ژیانە بهێنێت كە خوا پێی بەخشیوەو سێ جار هەوڵی خۆكوژی داوە، بەڵام سەركەوتوو نەبووە، كانی ئێستا خوێندكاری زانكۆیەو دوای ئەوەی چەندجارێك لەهەوڵی خۆكوشتن پێیوایە "ژیانی هیچ كەس بەدەست خۆی نیەو كەس ناتوانێت ئەوەی پێی خۆشبێتو بیهێنێتە سەڕێگەی خۆیو ئەوەشی نایەوێت لەخۆی دوور بخاتەوە"، ئەم كچە ئێستا زۆر پەشیمانەو لەو كارەی پێشووی كە هەوڵدان بووە بۆ خۆكوژی.