Rewan

Women's Media and Culture Organization

(Rewan Media & Social Services)

رێوان

رێكخراوی راگەیاندن و رووناکبیری ژنان

(میدیای رێوان - کۆمەڵایەتی)

  • سەرەکی
  • هەواڵ
  • راپۆرت
  • بەدواداچوون
  • چاوپێکەوتن
  • مەڵتیمیدیا
    • فۆتۆ
    • ڤیدیۆ
  • کۆمەڵایەتی
  • کوردی
  • English

ژنان كۆژانەكانیان لای كێ باسبكەن؟




2015-03-07

رێوان

(413) جار بینراوە

 ئا: ساڤان غوڵام

بوونی كۆژان لەناخی تاكەكاندا بەگشتیو خانمان بەتایبەتی وادەكات كەسەكان روبەڕووی نەخۆشی دەروونی ببنەوە تا رادەی ئەوەی زۆرجار دەگاتە حاڵەتی خۆكوژی توێژەرێكی دەروونیش لەو بارەیەوە دەڵێت “بوونی گرفتو كۆژان لای تاكەكان حاڵەتی دەروونی ناجێگیر دروستدەكات گەربێتو چارەسەر نەكرێت".
ئەو ژنو كچانەی كە كۆژانیان هەیەو پێویستیان بەگوێلێگرتنە، وا پێویستدەكات ئەو بابەتەی كە هەیانە لەدڵی خۆیاندا پەنهانی نەكەنو بەكەسێك لەناو خێزانەكەیاندا بڵێن، ئەگەر نا ئەوا هەوڵبدەن بەهاوڕێیەكیان بڵێن یان بچنە رێكخراوێكی ژنان، چونكە نەوتنی كۆژانو هێشتەنەوەی دواجار كاریگەری خراپ لەسەر ئەو كەسە دروستدەكات، توێژەرێكی كۆمەڵایەتیش دەڵێت "هەر جۆرە توندووتیژییەك كە كاریگەری لەسەر تاك دروست بكات بەدڵنیاییەوە ئەنجامێكی خراپی دەبێت لەسەر ئەو كەسە"، لەیلا عەبدوڵڵا توێژەری كۆمەڵایەتیو لێپرسراوی لانەی ئارام لەڕێكخراوی یەكێتی ژنانی كوردستان لەو بارەیەوە بەڕێوانی وت "هەموو خێزانێك بەپێی جۆری خێزانەكەی كێشەی تێدایە، ئەو كێشانەش لەنێوان تاكێك بۆ تاكێكی تر جیاوازی هەیە، هەندێك كەس دەتوانێت بەسەر كێشەكانیدا زاڵبێتو خۆی چارەسەری بكاتو پێویستی بەهیچ كەسێكی تر نەبێت، بەڵام بەپێچەوانەوە هەندێك كەس پێویستیان بەهاوكاری كەسانیتر هەیە، كە ئەویش دەتوانێت لەناو خێزانەكەی خۆیدا چارەسەری بكات ئەگەرنا ئەوا لەدەرەوەی خێزانەكەی لەگەڵ كەسێكدا گفتوگۆ لەوبارەیەوە دەكات بۆ ئەوەی بگاتە ئەنجامێك"،خاتوو لەیلا وتیشی "زۆر كێشە دێتە رێكخراوەكەمان، بەڵام مەرج نیە هەموویان كێشەی قورس بن، لانەی ئارام كە سەربە رێكخراوی یەكێتی ژنانە زیاتر ئەو كەیسانە وەردەگرێت كە هەڕەشەی كوشتنیان لەسەرە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار ژن بۆ كۆژانی تایبەتی خۆی سەردانمان دەكات، كە لەوانەیە لەخێزانەكەیدا كەسێك نەبێت لێی تێبگاتو گوێی لێبگرێت تا كۆژانەكانی خۆی پێبڵێتو نەبێتە گرێیەكی دەروونی لەناخیدا بۆ ئەوەی هاوكاریبكات لەبەرامبەر ئەو گرێ دەروونیەی كە بەردەوام بیری لێدەكاتەوە، ئێمەش توانیومانە لەڕێگەی توێژەری كۆمەڵایەتیو دەروونیەوە هاوكارییان بكەینو هەر ژنێكیش سەردانی كردبین سوودێكی باشی لەو گفتوگۆیانە وەرگرتووە كە لەگەڵیدا كردوومانە"، ئەو توێژەرە ئاماژەی بەوەشدا كە چەند جۆرێك توندووتیژی هەیە، هەر یەكێكیش لەو توندووتیژیانە ئەگەر كاریگەری لەسەر كەسایەتی كەسەكە هەبێتو نەتوانێت بیدركێنێتو لەناخی خۆیدا بیهێڵێتەوە بەدڵنیاییەوە لەكۆتاییدا دەبێتە توندووتیژی دەروونی بۆ كەسەكەو زۆرجاریش دەگاتە ئەوەی كەسەكە بیر لەخۆكوشتن بكاتەوە، بۆیە دەڵێت "لەناو خێزانەكانی ئێمەدا كاتێك كە ئەندامێكی ناو خێزانەكە لایەنی دەروونی تێكدەچێت بەتەنگ ئەو بابەتەوە نینو گرنگ نییە بەلایانەوە تا دەگاتەوە ئەوەی كاریگەری خراپ لەسەر كەسەكە دروستدەكات كە ئەمەش زۆر ترسناكە، بەداخەوە لەكۆمەڵگەی ئێمەدا ئەوندەی گرنگی دەدرێت بەنەخۆشیەكانی تر ئەوەندە گرنگی نادرێت بەلایەنی دەروونی".

كۆژانەكانم بەكەس ناڵێم
شیراز حەسەن-ی تەمەن 38ساڵ دانیشتووی شاری سلێمانیەو ژنی ماڵەوەیەو بەم شێوەیە باسی لەكۆژانەكانی خۆی بۆ كردینو وتی "هاوسەرەكەم خواردنەوە ئەلكهولیەكان دەخواتەوەو هەروەها مادەی بێهۆشكەر بەكاردەهێنێتو قوماریش دەكاتو یاری لەسەر پارە دەكات، هەروەها لەگەڵیشمدا خراپەو هەركاتێكیش كە دەگەڕێتەوە ماڵەوە بەسەرخۆشی دێتەوەو لەخۆمومنداڵەكانم دەدات، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا كۆژانەكانم بەكەس ناڵێم، بەڵام خوشكەكانم خۆیان هەست دەكەن كە كێشەم هەیە"، ئەو خانمە وتی "ئەگەر بێتو دەردە دڵەكەم لای كەسێك بڵێم باشتر دەبم، بەڵام ئەگەر كۆژانەكانم بەكەسێكیش بڵێم ناتوانێت یارمەتیم بدات، ئەگەر بشتوانێت من دەترسم لەوەی كێشەكەم گەورە تر ببێت"، شیراز وتیشی "راستە رێكخراو هەیە كە بچیت بۆ ئەوەی كێشەو كۆژانەەكانتیان پێبڵێیتو بۆت چارەسەر بكەن، بەڵام من ژنی ماڵەوەم ناتوانم بچمە دەرەوە تا باسی كێشەی خۆم كەمو رەنگە ببێت بەكێشەیەكی گەورەش بۆم"،شیراز لەگەڵ ئەو هەموو خراپیەی كە هاوسەرەكەی دەیكات لەگەڵیدا بیر لەخۆكوشتن ناكاتەوە وەك خۆی دەڵێت "بۆچی لەبەر پیاوێك ئاگڕ لەژیانی خۆم بەربدەم"، لەكۆتایی قسەكانیشیدا وتی "هیچ كەسێك نییە یارمەتیم بدات، ئەگەر هەبوایە تووشی ئەم بارودۆخە نەدەبووم".
پێویستە ژنان كۆژانەكانیان لای خۆیان نەهێڵنەوە
نیاز ساڵەح توێژەری دەروونی لەڕێكخراوی راگەیاندنو رووناكبیری ژنان لەم بارەیەوە دەڵێت "تاكەكانی هەموو كۆمەڵگەیەك گرفتیان هەیە لەهەمووشیان زیاتر توێژی ژنان، بەڵام لەكۆمەڵگەیەكەوە بۆ یەكێكی تر گۆڕانكاری بەسەردا دێت، گەر سەیری كۆمەڵگەی كوردی بكەین ئەو راستیە دەبینین كە قوربانیە سەرەكیەكان كچو ژنن، بەڵام لەژنێكەوە بۆ یەكێكی تر دەگۆڕێت لەڕووی هۆشیاریو توانای بەرەنگاربوونەوەی بۆ كێشەكان، بۆیە واباشترە كاتێك هەرخانمێك كە كێشەو معاناتی هەیە لەناخی خۆیدا نەیهێڵێتەوەو بەكەسێكی بڵێت"، وتیشی "هەر كەیسێك كە دەێتە لامان پێش هەموو شتێك گوێیی لێدەگرین، چونكە لەو رێگەیەوە لەهۆكاری كێشەو كۆژانەكە دەگەینو لەو روانگەیەشەوە هەوڵی چارەسەركردنی دەدەینو دەتوانین چارەسەری بكەین، ئەمە جگە لەوەی كەسەكە خۆیشی هەست بەئاسوودەیی زیاتر دەكات كاتێك كە باسی خەمەكانی دەكات"، نیاز ساڵەح باس لەوە دەكات كە چۆن بەهەموو توانایەكیانەوە هەوڵ بۆ چارەسەركردنی كێشەو كۆژانی ئەو ژنانەی روودەكەنە رێكخراوەكەیانو دەڵێت "ئێمە كاتێك گوێ لەكۆژانو كێشەی ژنێك دەگرین بەهەموو توانای خۆمانەوەو بەپێی رێنمایی دەروونیو ئەزموونی كارەكەمان هاوكاری تەواوی كەسەكە دەكەین، ئەو ژنو كچانەشی كە دێنە لامان چ بەكەیس بێت یان بۆ گوێگرتن لەكۆژانەكانیان زیاتر گرفتەكانیان لەچوارچێوەی كۆمەڵایەتی، دەروونی، ئابووری....هتد، كە ئەمانە هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ گرفتە كۆمەڵایەتیەكە، بوونی گرفتو كۆژانیش لای هەر كەسێك حاڵەتی دەروونی ناجێگیری بۆ دروستدەكات، گەر بێتو پەرەش بسێنێتو چارەسەر نەكرێت یان كەسەكە لای خۆی بیهێڵێتەوەو بەكەسێكی تری نەڵێت  دەبێتە نەخۆشی دەروونی"، باسیشی لەوە كرد كە "كۆمەڵگە بەگشتیو خێزان بەتایبەتی رۆڵی كاریگەر دەبینن لەهاوكاریكردنی ئەو تاكانەی كە گرفتو كۆژانیان هەیە، بەڕادەیەك گەر كەسێك تووشی نەخۆشی دەروونی بوو ئەوا خێزان رۆڵی كارا دەبینێت لەچارەسەركردنیدا، كە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هۆشیاری تاكەكانو خێزانەكان، بەڵام بەداخەوە لەكۆمەڵگەی ئێمەدا زۆر كەم بایەخ بەلایەنی دەروونی تاك دەدرێت، ئەگەر كەسێكیش بارێكی دەروونی هەبێت ناتوانێت بچێتە لای دەروونناس یان پزیشكێكی دەروونی، چونكە روبەڕووی توانج دەبێتەوە لەلای خەڵكی كە ئەمەش گرفتەكەی لا قورستر دەكات".
لەڕووی دەروونیەوە زۆر رووخاوم
چنار سەعید-ی تەمەن 26 ساڵ كە دانیشتووی شاری سلێمانیەو فەرمانبەرە بەم شێوەیە باسی لەكۆژانە تاڵەكانی خۆی كردو وتی "كێشەم لەگەڵ باوكو براكەمدا هەیە كە زۆر خراپن لەگەڵمدا ئەگەر بێتو یەك دەقەش لەدەوام دوابكەوم قسەی ناشرینم پێ دەڵێن، بۆیە لەڕووی دەروونیەوە زۆر رووخاوم بەو كردەوانەی كە ئەوان بەرامبەرم دەیكەن، نازانم لای كێ باسی كۆژانەكانم بكەم، ئەگەر بچمە رێكخراوێكیش ئەترسم پێمبزاننو خراپتر ببن لەگەڵمادا".
رۆژین ئەنوەر كچێكی تەمەن 24 ساڵەو خوێندكاری زانكۆیە لەسلێمانی ئەو بەم شێوەیە باسی لەكێشەو كۆژانی ژنانی كۆمەڵگەكەی خۆیەوە كردو وتی "ئێمە لەوڵاتێكداین كە كێشەكان دیاریكراوە بۆ هەر یەكێكمان ئیتر لەخێزانەوە بیگرین تا دەورووبەرو ئەو شوێنەی كاری تێدا دەكەین"، بۆ ئەوەشی ئەگەر كۆژانی هەبێتو بیەوێت لەو حاڵەتە دەروونیە رزگاری ببێت كۆژانەكانی لای كێ باس دەكات؟ وتی "ئەگەر كێشەیەكم هەبێت پەنا بۆ بیركردنەوە دەبەم، هەندێكجاریش لەگەڵ هاوڕێ زۆر متمانە پێكراوەكەمو دایكم باسی دەكەم، بەڵام ئەوەش ناكاتە ئەوەی كێشەكەم چارەسەر بووبێت یان نا تەنها بۆ ئەوەی كە تاڕادەیەك لەو گرێ دەروونیە رزگارم بووەو دڵەڕاوكێم كەمتر بۆتەوە بەوەی كە بەرامبەر گوێی لێگرتووم، چونكە گرنگترین شت بۆ مرۆڤ ئەوەیە گوێت بۆ بگرن تا هەست بەبوونی خۆت بكەیت لای دەورووبەری"، وتیشی "پێموانییە شوێنێكی وا هەبێت كە ژنان دەردە دڵی خۆیانی لێ بكەن، چونكە دواجار روبەڕووی رەخنە دەبنەوە، بۆیە من هەرگیز ئامادە نەبووم تەنانەت سەردانی هیچ رێكخراوێكی ژنانیش بكەم، چونكە متمانەیەكی وا دروست نەبووە لەنێوان ژنانو رێكخراوەكاندا".



زیاتر

ژنان لە شۆفێریدا كەمترین سەرپێچی دەكەن
ژنان لە شۆفێریدا كەمترین سەرپێچی دەكەن
گرنگی خواردنە کوردەواریەکان لەوەرزی زستاندا
گرنگی خواردنە کوردەواریەکان لەوەرزی زستاندا
بۆ چارەسەری سەرەتای بێبەرامبەر نەخۆش بەسەردەكەنەوە
بۆ چارەسەری سەرەتای بێبەرامبەر نەخۆش بەسەردەكەنەوە
135 حاڵەتی گیان لەدەستدانی  مێینە تۆماركراوە
135 حاڵەتی گیان لەدەستدانی مێینە تۆماركراوە
بۆبەسزادانی ژن کوژان، داوای لێدەکەن  گۆڕانکاری لەبەرپرسانی دۆسیەکانی ژنان بکات
بۆبەسزادانی ژن کوژان، داوای لێدەکەن گۆڕانکاری لەبەرپرسانی دۆسیەکانی ژنان بکات
دکتۆرە نازەنین نهێنیەكانی دەستدرێژیكردنی سەر منداڵ ئاشكرادەكات
دکتۆرە نازەنین نهێنیەكانی دەستدرێژیكردنی سەر منداڵ ئاشكرادەكات

پرۆژە و چالاکیەکان


  • - له سیمینارێكدا ئەنجامی ئەو راپرسیە خرایە ڕوو
  • - دابەشكردنی جلی زستانە بە سەر ئاوارەكانی كەمپەكانی كەلارو كفری
  • - دابەشكردنی جلی و به رگی زستانە بە سەر ئاوارەكانی كەمپی ئەربەت


چاپکراوەکان






سەرەکی | هەواڵ | راپۆرت | بەدواداچوون | چاوپێکەوتن | کۆمەڵایەتی | فۆتۆ | ڤیدیۆ | چاپکراوەکان | دەربارەی ئێمە | پەیوەندی                         کوردی | English