Rewan

Women's Media and Culture Organization

(Rewan Media & Social Services)

رێوان

رێكخراوی راگەیاندن و رووناکبیری ژنان

(میدیای رێوان - کۆمەڵایەتی)

  • سەرەکی
  • هەواڵ
  • راپۆرت
  • بەدواداچوون
  • چاوپێکەوتن
  • مەڵتیمیدیا
    • فۆتۆ
    • ڤیدیۆ
  • کۆمەڵایەتی
  • کوردی
  • English

ژنان وەزیری ناوخۆن، لەمۆبایلی پیاواندا




2015-03-03

ریوان

(719) جار بینراوە

 ژمارەیەك لەپیاوان ژمارە مۆبایلی هاوسەرەكانیان بەناوی پیاوانە یاخود ناوی منداڵەكانیان تۆمار دەكەن، توێژەرێكی كۆمەڵایەتیش دەڵێت “ئەو پیاوانەی ئەو كارە دەكەن یان لەوەهمی دڵپیسیدا دەژین، یان ئەوانەن ئاستی رۆشنبیرییان نزمەو پێیانوایە بەوجۆرە ژمارە مۆبایلی هاوسەرەكانیان دەپارێزن".

تۆماركردنی ناوو ژمارە مۆبایلی ژنان لەلایەن هاوسەرەكانیانەوە بەناوی پیاوان یاخود ناوی منداڵەكانیان، هۆكارێكە بۆ نیگەرانی لای ژنانو بەمەش پیاوان پێیانوایە كەبەمجۆرە دەتوانن ژمارەی هاوسەرەكانیان بپارێزن، لەمبارەیەوە هۆشمەند عەلی فەرمانبەرە لەیەكێك لەفەرمانگە حكومییەكانی شاری سلێمانیو یەكێكە لەو پیاوانەی كە ژمارەی هاوسەرەكەی بەناوی پیاوێكەوە تۆماركردووەو ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە "لەوانەیە لەكاتی دەوامدا هاوسەرەكەم تەلەفۆن بكاتو منیش سەرقاڵ بم یەكێك لەهاوڕێكانم وەڵام بدەنەوەو ژمارەكەی دەربهێنن لەمۆبایلەكەمدا". 
كارزان پیشەكەی كاسبەو دانیشتووی شاری سلێمانیە، ئەو باس لەوە دەكات كە ژمارە مۆبایلی هاوسەرەكەی بەناوی یەكەم منداڵیانەوە تۆماركردووەو دەڵێت "خۆمو خێزانەكەم لەبەر خۆشەویستیمان بۆ منداڵەكانمان ئەوەمانكردووەو نۆرماڵیشمان هەیەو ژمارەی تریشمان هەیە هەریەكەیان بەناوی منداڵێكمانەوە تۆماركردووە".
 ژنێكی تەمەن 39ساڵی دانیشتووی شاری سلێمانی، یەكێكە لەو ژنانەی نیگەرانی ئەوەن هاوسەرەكانیان بەناوی خۆیانەوە ژمارەكانیان تۆمار ناكەنو باسی لەوەكرد كە هاوسەرەكەی بە (وەزیری ناوخۆ) ژمارەكەی تۆماركردووە، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە هاوسەرەكەی زۆرجار لەناو هاوڕێكانیدا وەڵامی تەلەفۆنەكەی دەداتەوەو بەشێوەیەكی گاڵتەجاڕی دەڵێت "بێ دەنگ بن وەزیری ناوخۆییە"، دەڵێت "زۆر ناخۆشە كاتێك ناوێكی تر دەبینیت لەسەر ژمارەكەی تۆ نووسراوە بەتایبەت ئەگەر ئەو مۆبایلە هی هاوسەرەكەت بێت"، وتیشی "دەڵێن بۆ ئەوەی رەقەمەكەت بڵاو نەبێتەوە، باشە خۆ هەموو خزمو كەسوكار منی بەوەزیری ناوخۆ تۆمار نەكردووە، ئەگەر وابێت ئەوا هەر یەكێك مۆبایلەكەی ون دەكاتو ژمارەی ئێمەشی تێدا بێت ئەوكاتەچی بكەین".
 شنە عومەر توێژەری دەروونی پێی وایە ئەوە رێگاچارە نیەو ژنان بەم هەڵسوكەوتەی پیاوان لەڕووی رۆحیو دەروونییەوە نیگەران دەبنو وتی "ئەم دیاردەیە زۆر باوەو ژمارەیەك لەپیاوان بەناوی گاڵتەوە ژنەكانیان ناودەنێن وەزیری ناوخۆ لەمۆبایلەكانیاندا، هەروەها ژمارەیەكی تریش بەدایكی منداڵانو هەشە بەناوی پیاوەوە تۆماری دەكەن"، وتیشی "پیاوان نازانن لەڕووی دەروونییەوە ئەم هەڵسوكەتەیان دەبێتە مایەی نیگەرانی لەلای ژنان، كاتێكیش ژنەكانیان رەخنەیان لێدەگرن پاساوێك دەهێننەوە كەوا لەژنەكە دەكات دەنگی هەڵبژێرێتو لەناخەوە خەمی لێ بخوات".
"خۆم ناوم فەتاحەو لەمۆبایلەكەمدا خێزانەكەشمم ناوناوە فەتاح"، ئەمە قسەی فەتاحی تەمەن 42ساڵە، ئەو باس لەوە دەكات كە دووجار مۆبایلەكەی ونكردووەو بەهۆیەوە بەبەردەوامی ژمارەی نەناسراو بۆ ژمارە مۆبایلی خێزانەكەیو چەند كچێكی خزمیان چووەو دەڵێت "بۆیە بەباشمزانی ژمارەی  هاوسەرەكەم بەناوی خۆمەوە تۆمار بكەم"، سەبیحە عەلی فەتاح، ژنێكی تەمەن 45ساڵە، ئەو بەپێكەنینەوە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە لەمۆبایلی هاوسەرەكەیدا ناوی (رەحمان)ە، دەڵێت "من لەڕێزەی ئەوەدا نەماوم دڵداری بكەم، بەڵام مێردەكەم ژمارەكەمی بەناوی رەحمانەوە تۆماركردووە منیش پێم ناخۆشە، بەڵام چۆنی دەوێت با وابێت ئەگەر بەوە خۆشحاڵە". 
شادان عەبدول كەریم توێژەری كۆمەڵایەتی، پێی وایە ئەو پیاوانەی كە ناوی هاوسەرەكانیان بەناوی پیاوێكەوە تۆمار دەكەن ژمارەیان كەمەو ئەوانەی بەگشتی ئەو كارە دەكەن بەرئەنجامی دوو هۆكارەو وتی "یەكەمیان ئەوانەن لە وەهمی دڵپیسیدا دەژین، دووەمیان ئەوانەن ئاستی رۆشنبیرییان نزمەو پێیانوایە بەوجۆرە دەتوانن زامنی پاراستنی ژمارە مۆبایلی هاوسەرەكانیان بكەن".
 ئۆسكار فەتاح، ژنێكی تەمەن 28ساڵەو نیشتەجێی شاری سلێمانییە، ئەو پێی وایە شاردنەوەی ناوی ژنان لەلایەن هاوسەرەكانیانەوە بەپاساوی جیاواز شێوازێكی هەڵخەڵەتاندنەو تەنهاو تەنها دەروونی ژن پێ بێتاقەت دەبێتو دەڵێت "من هاوسەرەكەم بەڕەسمی خۆمەوە ژمارەكەمی لەمۆبایلەكەیدا تۆماركردووە، زۆر دڵخۆش دەبم كاتێك زەنگی بۆ لێدەدەم ناوو رەسمی خۆمی لەسەر دەبێت"، ئەو پێی وایە ئەو ژنانەی هاوسەرەكانیان بەوەزیری ناوخۆ وەزیری پلاندانان ناویان ناون یاخود ناوی پیاوێكیان خستووەتەسەر ژمارەكانیان لەڕووی دەروونییەوە بێتاقەت دەبنو وتی "پوورم هەمیشە لەگەڵ هاوسەرەكەیدا سەبارەت بەو بابەتە گفتووگۆو موناقەشەیانە، پوورم دەڵێت ناوی خۆم بخەرە سەر ژمارەكەم، هاوسەرەكەشی بەپێچەوانەوە بەناوی باوكییەوە تۆماریكردووە، ئەمەش پوورم زۆر بێتاقەت دەكات"، ئەو پێی وایە ئەو پاساوانەی دەهێنرێنەوە بۆ ئەو جۆرە هەڵسوكەوتە جێگە ناگرن، چونكە ئێستا چەندین ئامێرو بەرنامەی پێشكەوتوو هەیە بەئاسانی دەتوانرێت ژمارەی مۆبایلو تەنانەت رەسمەكانیش لەمۆبایلێكەوە بگوازرێنەوەو وتی "ئێستا ئەوەندە ئامێرو بەرنامەی پێشكەوتوو هەیە تەنانەت ئەدرەسو ئەو شوێنەشی تەلەفۆنەكەی تێدا كراوە بەئاسانی ئاشكرا دەكرێت، ئیتر ئەم خۆ هەڵخەتاندنەی بۆچییە؟".


زیاتر

کارکردن بۆ ژنان جۆرێک لە متمانە بەخۆبوون دروست دەکات
کارکردن بۆ ژنان جۆرێک لە متمانە بەخۆبوون دروست دەکات
‎لەماوەی شەش مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢١دا لەلایەن ھێزەکانی ئاسایشی سلێمانیەوە،دەستگیراوە بەسەر زیاد لە ٥٠٠ کیلۆ ماددەی ھۆشبەردا
‎لەماوەی شەش مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢١دا لەلایەن ھێزەکانی ئاسایشی سلێمانیەوە،دەستگیراوە بەسەر زیاد لە ٥٠٠ کیلۆ ماددەی ھۆشبەردا
لە یادی هەمیشە زیندووی رووناک خاندا،  خەبات و ماندوو بوون و یادت هەمیشە بەرز دەنرخێنین، درێژە پێدەری رێبازەکەت دەبین
لە یادی هەمیشە زیندووی رووناک خاندا، خەبات و ماندوو بوون و یادت هەمیشە بەرز دەنرخێنین، درێژە پێدەری رێبازەکەت دەبین
میوانان بەسەرکردنەوە و خەڵاتکردنەکەی رێکخراوی راگەیاندن و رووناکبیری ژنان بەرز دەنرخێنن
میوانان بەسەرکردنەوە و خەڵاتکردنەکەی رێکخراوی راگەیاندن و رووناکبیری ژنان بەرز دەنرخێنن
ئەزموونی کچە کوردێک لە یاریزانیەوە بۆ راهێنەری
ئەزموونی کچە کوردێک لە یاریزانیەوە بۆ راهێنەری
کارەساتی جینۆسایدی ئێزدیەکان ئەو برینەی هەرگیز ساڕێژ نابێت
کارەساتی جینۆسایدی ئێزدیەکان ئەو برینەی هەرگیز ساڕێژ نابێت

پرۆژە و چالاکیەکان


  • - له سیمینارێكدا ئەنجامی ئەو راپرسیە خرایە ڕوو
  • - دابەشكردنی جلی زستانە بە سەر ئاوارەكانی كەمپەكانی كەلارو كفری
  • - دابەشكردنی جلی و به رگی زستانە بە سەر ئاوارەكانی كەمپی ئەربەت


چاپکراوەکان






سەرەکی | هەواڵ | راپۆرت | بەدواداچوون | چاوپێکەوتن | کۆمەڵایەتی | فۆتۆ | ڤیدیۆ | چاپکراوەکان | دەربارەی ئێمە | پەیوەندی                         کوردی | English