ئەو هەمیشە بە شێوازێكی تایبەتو نوێوە دێتەوە حزوور، ئەوەی ئەمڕۆ دەیكات لەوەی دوێنێ ناچێت هەمیشە بە داهێنان و نمایشە تایبەتیەكانی سەرساممان دەكات، رووبار ئەحمەد خانمە شانۆكار و بەڕێوەبەری فێرگەی هونەری سەمای بالێ لە سلێمانی لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ رێوان باس لە گرفتەكانی بەردەم هونەرەكەی دەكاتو نیگەرانیەكانی خۆی ناشارێتەوە كە وەك پێویست هاوكاری ناكرێتو رێگریەكی زۆر هەیە بۆ كارەكانیو دەڵێت “خەڵكیش وحكومەتیش جگە لە چەپڵە هیچی تریان پێنە بەخشیووین" .
رێوان: تۆ لەسەرەتاوە زۆر بەئومێدەوە دەستت بەم كارەكرد، بەڵام بەرپرسانی كوردستانو وەزارەتی رۆشنبیری بەتەنگتەوە نەهاتن ئەم بەدەنگەوە نەهاتنە نائومێدی نەكردن؟
رووبار ئەحمەد: ئەگەر لەسەر (نائومێد)ی كارم بكردایە دەبوایە لەدوای 1992وە وازم لەم هونەرە بهێنایە، لەوكاتەوە تا ئێستا من هەوڵ دەدەم بێگومان نائومێدو نیگەرانم لەبەر بێ شوێنی، پاش ئەو هەموو ساڵە پاش ئەو هەموو هەوڵو كاركردنە پاش دامەزراندنی قوتابخانەكە بە فەرمی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە لە ساڵی 2008-2009، پاش دابین كردنی زەوی تایبەت لەلایەن شارەوانیو پەروەردەی سلێمانی پارێزگاری سلێمانی وەك خێرمان پێبكات دەڵێت "بینایان بۆ دروست ناكەم تەنها هۆڵێكیان بۆ دروست دەكەم"، دەڵێم بەڕێزم ئەمە قوتابخانەیە 12 قۆناغ خوێندكار وانەی پەروەردەیی تێدا دەخوێنێت 12قۆناغ خوێندكار وانەی بالێو مۆسیقای تێدا دەخوێنێت لەسەرانسەری ئێراق ئەم قوتابخانەیە بەتەنها هەیە، ئاوا خزمەتی پایتەختی رۆشنبیری دەكەن، چۆن نائومێد نابم دەست نەگرتنی ئەو گەنجانەی كارم لەگەڵ دەكەن وا دەكات كارێك یان دوو كار لەگەڵم بن پاشان دەڕۆن ئەمەش كاری كردۆتە سەرلایەنی داهێنان، چونكە تواناكان دیاریكراو دەبێتو گەنجەكان ناتوانن دەست بەرداری بژێوی ژیانی خۆیان بن، هەندێكیان دەرۆن منیش دەبێت گەنجێكی تر بهێنمو لەسفرەوە دەست پێ بكەمەوە بەم شێوەیە بەردەوامم, لەسەرێكی تریشەوە دڵخۆشمو نائومێد نیم، چونكە من بەردەوامم لەكار كردنو ناوەستمو هیچ كارێكی هونەریشم لەوی تر ناچێت.
رێوان: لەئێستادا ئاستی پێشوازی خەڵكو دامەزراوە رەسمییەكان لەهونەرەكەت چۆنە؟
رووبار ئەحمەد: بەداخەوە چ وەك حكومەتو چ وەك خەڵكیش جگە لە چەپڵە لێدانو دەست خۆشی كردن هەنگاوی پێویست نەنراوە، ئەم پڕۆژەیە ئەگەر هەڵقوڵاوی بەندەو تاكێكی ئەم كۆمەڵگەیە نەبوایەو لەدەرەوە بهاتایە وەك سەدان كۆمپانیای بیانی سەدان هەزار دۆلاری بۆ سەرف دەكرا، بەڵام چونكە داهێنانی تاكێكی كوردە بەرپرسان خۆیانی لێ دەشارنەوە.
رێوان: سەمای بالێ سەمایەكی رۆژئاواییەو چەند توانایی گونجانی هەیە لەگەڵ ژینگەی ئێمە؟ یان بەدیوێكی تر كلتوری ئێمە هەمیشە لەسەر رەتكردنەوە ئیشی كردوە ئەم دیدە كۆمەڵایەتییە بۆ هونەرەكەی تۆ نەبۆتە رێگر؟
رووبار ئەحمەد: راستە سەمای بالێ سەرهەڵدانو مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ووڵاتە ئەوروپییەكانو زیاتر لە 500ساڵە ئەم هونەرە پێگەو پانتایی خۆی داگیر كردووە، بەواتایەكی تر ئەم هونەرە هونەرێكی باڵای جیهانییە وەك فۆلكلۆری لێهاتووە موڵكی كەس نییەو هەموو كەسیش خاوەنیەتی، هەموو ووڵاتو نەتەوەیەك دەتوانێت وەك موڵكی خۆی تێی بڕوانێتو كاری تیدا بكات، واتا سەمای بالێ زمانی جەستەیە زمانی گوتاری گشت نەتەوەكانە، واتا زمانێكی گشتگیرییە وەزیفەی بالێ لەڕووی گوتاری فەلسەفیو ستاتیكییەوە لە وەزیفەو زمانی مۆسیقا گرانترە، زۆر لەبەر پرسانی ئەم ووڵاتە لە ئەوروپا ئەم هونەرەیان بینیوەو دەزانن چەند گرانە، بەڵام بەداخەوە لە كوردستان حكومەت یان نایەوێت یان ناوێرێت پشتیوانی لەم هونەرە بكات بگرە زۆرجار رێگرن، پشتتێكردنو دەست گیرۆیی نەكردنی ئێمە گەواهی راستی بۆ چوونەكانمە.
رێوان: مامەڵەی كەسوكاری فێرخوازەكانت چۆنە لەگەڵ ئەم هونەرە؟
رووبار ئەحمەد: كەسوكاری فێرخوازەكان بەشێكن لەم كۆمەڵگەیە، ئەوانیش خوازیارن قوتابخانەكە بگاتە كەناری ئارامیو پێشكەوێت، من گلەییم لەوان نییە ئەوان كەمتەرخەم نینو هاوكارن، بەڵام بەداخەوە هەندێك لە دەسەڵاتدارانو هەندێك لەدامو دەزگا حكومییەكان كارەكانمان بەهەند وەرناگرن، ئیتر ماندوو بووین دەبێت لە ووڵاتی قەزاو قەدەردا بڵێین خوا رەحم بكات، خوایە دڵی پارێزگار نەرم بكەیت دوای 5ساڵ بۆ تەرخان كردنی زەوی بۆ (قوتابخانەی بالێو مۆسیقای سلێمانی) بزانین كەی بۆمان دەكەن بەبینا ، لێرەوە بەئەمەكەوە پشتیوانی بەڕێوەبەری پەروەردەی مەڵبەندی سلێمانی بەرێز مامۆستا كمال نوریو بەڕێوەبەری بیناسازی كاك فەتاح بەرز دەنرخێنم كە هەمیشە هاوكارن لەگەڵمدا.
رێوان: ئێستا فێرخوازەكانت توانای نمایشیان گەیشتۆتە ئاستێك بتوانن بەشداری لەپێشبڕكێو ڤیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەكان بكەن؟
رووبار ئەحمەد: بۆ لە ووڵاتی خۆت گرنگی پێ دەدەن تا ووڵاتانی تر دانی پیابنێن هەموو شتێك بەدەعمو پاڵپشتی دەبێت، من كارەكانم پیشانی (ئەڵمانیو فەرەنسیو سویدیو ئەمەریكیو لوبنانیو....هتد) داوە سەرسام بوونو توشی شۆك بوون كە لەم ووڵاتە ئەم هونەرە هەیەو بێ كەسو بێ نازە، دەیان ڤیستیڤاڵ دەكرێت دەیان جار بانگهێشت كراوین بەڵام دەعم ناكرێین لەبەر ئەوەی ژمارەمان زۆرە، تۆ پرسیارەكەت رووبەڕوی حكومەت بكەرەوە بزانە ئاگایان لەم هونەرە هەیە، ئێوەی رۆژنامە نووسان چاوپێكەوتن لەگەڵ ئێمە دەكەنو دەمان ووروژێننو تووڕەیی خۆمان دەردەبڕین، بەڵام جارێك نەم بینیو نەم بیست كێشەكانمان بگەیەننە حكومەتو بەدواداچوونی بۆ بكەن.
رێوان: تۆ وەك رووبار هەمیشە ئەوكارانەی كردووتە ریسكی تێدابووە لەدوای نمایشت لەساڵی ئاشوب لەكاتی خەڵاتكردنتا وتت لەسەر هەموو كارێكم سەرزەنشت كراوم بەگریانەوە دەڵێیت یەكەم جارە رێز لەكارەكەم دەنرێت،ئەمە بۆ باڵای هونەری تۆ دەگەڕێتەوە یان هێشتا كۆمەڵگای ئێمە چاوی رانەهاتووە داهێنان ببینێتو ئەم سەرزەنشتە لەسەمایی بالێوە دەست پێدەكا ت یان پێشتریش كارەكانی تۆ لەپێش دیدی كۆمەڵگاوە بوون؟
رووبار ئەحمەد: وەڵامی پرسیاەكەت بەهەڵگرتنو لابردنی نیشانەی پرسیارەكان وەڵامەكەت دەست دەكەوێت، واتا هەموو ئەوانە دەگرێتەخۆ كە تۆ پرسیارەكەت لێپێك هێناوە، بێگومان من دەبێت هەمیشە كارەكانم پێش كۆمەڵگا بكەون، دەبێت كۆمەڵگە ئەم هونەرەی قبوڵ بێت، هەموو تەكنەلۆژیاو مەترسیەكانی (ئەخلاقیو كۆمەڵایەتیو سیاسیو ئایینیو ئابووریوسایكۆلۆژی ....هتد)، یان قبوڵە بۆچی ئەم كارەیان پێ قبوڵ نەبێت ؟!
رێوان: دواپرسیارم لەئێستادا كارەكانتان چۆن دەروا تو بەرنامەی نوێتان چیە لەبواری سەمای بالێ ؟
رووبار ئەحمەد :دوا پڕۆژەم كە زیاتر لە 60 هونەرمەندی لەخۆ دەگرت پاش سەرزەنشتێكی زۆر وەستێنرا، ئەو پڕۆژەیە (گۆرانیبێژو موزیكژەنو سەماكارو چەندین كارمەندی پشت پەردەی) لەخۆ گرتبوو، واتا كۆنسێرتێكی گۆرانی سەما ئامێزبوو كە چەندین سەما لەگەڵ گۆرانی بێژەكانو موزیككاران بەشێوەیەكی زیندوو لەسەر شانۆ بۆ وەرگریان پێشكەش دەكرد ، بۆ ماوەی 4مانگ دوای دەست نیشانكردنی گۆرانیو گۆرانی بێژانو زیاتر لە 20 سەماكار كاریان تێدا دەكرد، سەرجەم كوریۆگرافی سەماكان تەواو كرابوو گۆرانیبێژەكان ئامادەبوون بەڵام كەس خۆی نەكرد بەخاوەنی، چونكە بۆكاری داهێنانو پڕۆژەی پۆست مۆدێرنە ئەم ووڵاتە دەبێتە ئەفریقاو صۆماڵ زۆربەی كەناڵەكانو دامودەزگاكان ئەوەندە گوناه بوون خەریك بوو پارەیان بۆ كۆ بكەینەوە، ئەوە كۆمپانیاكان هەر مەپرسە لەئاست ئەم پڕۆژەیە هەموویان كەوتنە سەرساجی عەلیو ئیفلاسیان كرد، چونكە پڕۆژەیەكی بازرگانی نەبوو، بەڵام دۆبلاژێكی توركیو كۆریو هیندی بوایە دەیان دەفتەر دۆلار پێشوازی لێدەكردین ،كورتو كرمانج ئەو پڕۆژەیەش خوا عەفووی كرد.