ئێڤار ئیبراھیم
١٩/٩/٢٠١٥
کەمن ئەو گەلانەی ھێندەی کورد تاڵاوی ناعەدالەتی و زوڵم و ستەم و تاک رەوی و دیکتاتۆری و ئابڵۆقە جۆربەجۆرەکانی چەشتبێت، بەدرێژای مێژوی بونی ئەو میللەتە داماوە ھەیە گیرۆدەی قوربانی دانی چ لە کاتی جەنگ و شەڕەکان بێت یان لە کاتی ئاشتیدا بێت، بێ بەش نەبوە لە نەھامەتی و ھەر خەریکی فرمێسک ھەڵڕشتنە بەجۆرێک ھێشتا فرمێسێک ووشک نەبۆتەوە و نەکەوتۆتە سەر ئەرز فرمێسکسَکی تری بەدوادا ھاتوە و بەوەوە ناسراوە.
مێژوی سەرھەڵدانی کۆچکردنی کورد و بە دیاری کراویش دانیشتوانی باشور دەگەڕێتەوە پێش راپەڕین لە ساڵەکانی ١٩٦٠ بەدواوە لە دەست رژێمە یەک لە دوای یەکەکان، ھەروەھا بۆ دوای راپەڕین کە ھۆکارەکەی زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ مەعمەعەی سیاسی و شەڕی نەگریسی ناوخۆ و ئابڵۆقە ئابوریەکەی عێراق بۆ سەر ھەرێمی کوردستان و خراپی باروگوزەرانی ھاوڵاتیان بەگشتی کە زۆرترین ھاوڵاتی کۆچیان کرد بەرەو وڵاتانی ئەوروپا.
لەدوای ئەو کۆچە ئەو کۆچەی ئێستا دێت کە رۆژانە بە دەیان ھاونیشتمانی خاک و نیشتمانی خۆیان جێ دێڵن و رێگەی ھات و نەھات ھەڵدەبژێرن بۆ گەیشتن بە شوێنێکی ئارامترو باشتر لە چەندین روەوە لە وڵاتەکەی خۆیان، ئەویش دیسان بە شێک لە وڵاتانی ئەوروپا دەگرێتەوە بەتایبەتی چینی گەنج ، ئەو ھۆکارانەشی کە گەنجانی ناچارکردوە سەری خۆیان ھەڵبگرن، گەندەڵی و ناعەدالەتی وبەرتەسک بونەوەی بازنەی ئازادیەکان و قۆرغکاری لە دەسەڵات و نەبونی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان و بێدادی و بێ ئومێدی و بێ کاری و ئەو لێشاوە قەیرانانەیە کە ڕوی لە ھەرێم کردوە، بەداخەوە فەرمانبڕەوا و بەرپرسانی ھەرێمیش لە چاو ئەو کێشانە کەمتەرخەم و بێکاک سەیری رووداوەکان دەکەن و ئەوەش گومان و پرسیاری زۆر بە دوای خۆیدا ھێناوە.
بڕینی ئەو رێگا دورە و گەیشتیان بە شوێنی مەبەست بێ ناخۆشی و ماندوبون و ئازار نیە بێ گومان چەندین قوربانی بە دوای خۆیدا ھێناوە ، ئەوەتا ئەمڕۆ تەرمی ٤ لەو ٢١ گەنجەی کە لە شاحینەدا لە نزیک وڵاتی نەمسا خنکان تەرمەکانیان گەیەنرایەوە ئەم ھەوارەی کە لێی ھەڵاتبون، لە کاتێکدا ھاونیشتمانیان لە سەرپشتی بەلەمەکان لەناو دەریا و باخیرەکان دەخنکێن حیزبەکان خەریکی سازانن لەسەر پۆست و کورسی رێک ناکەون و خنکانی گەنجانیش دەرئەنجامی سیاسەتی چەوتی حكومرانی و خەمساردی و بێبکای دەسەڵاتە لەئاست کەم و کوڕەکان.
حەقی خۆی بوو ھەر دوای گەیشتنیان دەسەڵات بەدەستەکانی ھەرێم بەر لە ناشتنی تەرمەکانیان داوای لێبوردنیان لە کەس و کار و میللەتەکەیان بکردایە چونکە لەماوەی ٢٣ ساڵی رابردوودا نەیانتوانی ژیانێکی شایستە و بێ کەم و کوڕی و دوور لە کێشە بۆ خەڵک دابین بکەن کە بەرپرسی یەکەم بوە لە فەراھەم کردنی .
باشترین چارەسەریش بۆ رزگاربون لەو دۆخەی ھەرێم تێی کەوتوە دەستاودەستکردنی دەسەڵات بە شێوەیەکی ئاشتیانە و ئەنجامدانی چاکسازی راستەقینەیە بە ئیرادەیەکی تۆکمە لەسەرجەم جومگە و بوارەکاندا ھەروەھا و ھتد.. ، نەگرتنە بەری ئەو ھەنگاوانەش کۆچپێکردنی نەوەکانمانە بەشێوازێکی ناراستەوخۆ لەلایەن دەسەڵاتەوە .