فرمێسك مستەفا
موڵکایەتی جۆری زۆرە، هەندێکی ماددییە و هەندێکی رۆحی. موڵکایەتی ماددی لەوانەیە بتاکە سەرمایەدار . یاخود پاشەکەوتێکی بۆ دواڕۆژ لێبکەوێتەوە و قازانجێکی گەورەی سەروەت و سامانت بۆ پێکبهێنێت. جۆری دووەمی موڵکایەتی دەستبەسەرا گرتن و خاوەندارێتی روحی کەسێکی ترە، ئەم جۆرەیان مەترسییەکی مەزنی لێدەکەوێتەوە، لە کەناری لە دەستچوندا دەگیرسێیتەوە، بێگومان هەر ترسی ئەو لە دەستچونەیشە ئەو خەسڵەتەت لا بەهێزتر دەکات. هەردوو جۆرە موڵکدارییەکەیش گەر ببێتە خولیا و خویەکی موعتاد، ئەوا بە ئاسانی شپرزەیی بۆ دەروون دروست دەکات، توانای بیرکردنەوە سنوردار دەکات. هەمیشە نا ئارام و بێ دڵنیایی و بەگومانەوە ژیان بەسەردەبەیت. لە بوونی سروشتی خۆت دوور دەکەویتەوە و بوون و کیانی سروشتی بەرامبەریشت دەسڕیتەوە.
خەسڵەتی موڵکداری لە پیاواندا گەلێک زۆرە بەو پێوەرەی کە کۆمەڵگە پێیداوە.
بێ ئەوەی هەست بە دەرئەنجامە خراپەکانی بکات. هەر لەسەرەتای پێکهێنانی ژیانی خێزانیەوە ئەم دیاردەیە دەخوڵقێت.بۆ نمونە،
وتەیەکی زۆر باو هەیە لە کوردستان، کە کوڕێک مارەیی ئافرەتێک دەبڕێت، کوڕە بەهاوڕێکانی دەڵێت تەواو سەنەویەکەم کرد بەناوی خۆمەوە! ئەو پەڕە پیرۆزەی بەندی هاوسەرگیرییە لە نێوان دوو مرۆڤدا کە دەبنە هاودەم و هاوژینی یەکتر، هاوتای دەکات لەگەڵ ئەو گرێبەستی کڕین وفرۆشتنەی لە نێوان فرۆشیار و کڕدارێکدا هەیە. ئەمە تەواو پڕاوپڕە لە پێناسەی موڵکداری پیاو بۆ ژن، لەم خاڵەوە دڵڕەنجاند لای ئافرەت دروست دەبێت.
هەندێک کات لە ژێر پاساوی خۆشەویستییەوە، وا لەبەرامبەرەکەی دەگەیەنێت کە ئەمە سەرچاوەکەی خۆشەویستییە. بەڵام ئەو نازانێت ئەمە هۆکارێکە بۆ لەناو چوونی خۆشەویستی وزەوتکردنی پانتایی ئازادییەکانی تاکە کەسێکە کە مافی ئەوەی هەیە لە بازنەیەکی ئازادا ژیان بەسەر بەرێت، نەک وەک کۆیلە ودەست بەسەر ژیان بەرێبکات. ئەو کاتەی منی ژن ئاوڕ ئەدەمەوە، بۆ ئازادییەکەی خۆم دەگەرێم وەک مرۆڤ، ئازادییەکەشم زەوتکراوە لە لایەن خۆشەویستەکەم کە برا و باوک ودەستگیران و مێردە. ئەو کاتە خۆشەویستی پێچەوانە دەبێت وخۆی دەگۆڕێت بۆ ڕق وکینە و دڵەڕاوکێ و نەگونجاندن و یەکتر قەبوڵ نەکردن و ململانێ.
لەهەندێ خێزاندا تەنانەت دایکیش هەموو ئازادییەکانی دەچێتە ژێر دەستی کورەکەیەوە، گەر بێتو باوک کە بەواتای گەورەی ماڵ دێت نەمێنێت، کوڕی گەورە جێگای باوک دەگرێتەوە. یاخود کەسایەتی باوک کەسایەتییەکی لاوازبێت، شیرازەی ماڵەکەی ئەداتە دەستی کوڕەکەی بێ ئاگا لەوەی کە ئایا کوڕەکەی کامڵە بۆ ڕۆڵی سەرۆکی خێزان و بڕیاردان لەسەر چارەنوسی خوشکەکانی و ژیانی تایبەتی خۆی و ئەوانی تر؟
پاساوێکی تری پیاوان کە بەڵایەکی گەورەیە بۆ دەروونی پیاوەتی، هەمیشە پیاو خۆی بە ساحێبی روح وجەستەی ژن دەزانێت. لە بیری دەکات هەموومان بە ئازادی لە دایک دەبین وەک یەک دێینە ناو گەردوونی مەزنەوە. نە خاوەندارێتی کەسمان پێ دەسپێردرێت، نە بۆ ئەوەش لە دایک دەبین کە بچەوسێنرێینەوە!
مەخابن سایکولوجیەتی پیاوان وا خوڵقاوە، کەهەست بکەن تەنها ئەوان کەسێکی ئازادن و دەتوانن بە سەربەستی و ویستی خۆیان ئازادی بۆ خۆیان و بەرامبەریان هەڵبژێرن و دیاری بکەن. کۆیلەکان کە ژنانن مافی ئازادی بوونیان ڕابماڵدرێت و ئەو ئازادیە لە ژێر سێبەری پیاوێک و بە ئەمری پیاوێک بێت.
ویستی موڵکداریەتی و ئازادی زەوتکردن لە لایەن ژنانیشەوە هەیە، بەتایبەت لە خێزانێکدا کە دایک سالاری تێدا بێت، بەڵام ڕێژەکەی کەمترە. ئەوەی ئەو خەسڵەتەی لای ئافرەتان دروست کردبێت، هەندێک کات پیاو خۆی ئەو هەستی موڵکدارییەتە لای ژن دروست دەکات. ئەویش لەهەڵوسوکەوتیاکە ناتوانێت دڵنییایی روحی بۆ فەراهەم بکات. وە خۆشەویستی تەواوی بداتێ. لەو کاتەدا ژن دەکەوێتە هەوڵدان و بیرکردنەوە لەوەی کە پیاوەکەی یا دەستگیرانەکەی، بۆ خۆی ڕابکێشێت و بیکاتە نێو چوارچێوەی دەسەڵاتی خۆیەوە. ڕێژەیەکی دەگمەنیش هەیە، حەزی بە موڵکدارییەتی دەگەڕێتەوە بۆ پەروەردەی خێزانی و ئەزمونەتاکە کەسییەکانی لە ژیانیدا.
ژیان ئەو کاتە گەش و پڕ ئارەزوو دەبێت، کە هاوسەنگییەک دروست بکەین لە نێوان پێداویستییە روحییەکانی یەکتر و مەودای ئازادییەکانی یەکتر بپارێزین. تەنها خۆشەویستییە دەتوانێت ببێتە خاوەنمان، تواناو بەهرەیە دەتوانێت موڵکدارییەتیمان بکات و لەژێر دەسەڵاتی هۆشمەندیدا ڕەفتاربکەین.