Women's Media and Culture Organization (Rewan Media & Social Services)
رێوان رێكخراوی راگەیاندن و رووناکبیری ژنان (میدیای رێوان - کۆمەڵایەتی)
دایە (ئایشێ )لەسوچێکی ماڵەکەیدا لەسەر کورسییەک دانیشتبو، گۆچانێکی ئاسنی چوار قاچی لەتەنیشیتی دانابوو،بەبۆنەی(ڕۆژی خێزان) كەدەكەوێتە 15/ئایاری هەمووساڵێك، داواملێكرد چیرۆكی دامەزراندنی خێزانەكەیمان بۆ باسبكات، دایە (ئایشێ ) بەگەرمی پێشوازی لێكردین وئاماددەیی دەربڕێ كەبۆمان بگێڕێتەوە بەمەرجێك وێنەینەگرین هێدی هێدی كەوتە قسەو، وتی"لە خێزانێکی گەورەدا چاومان کردەوە تا گەنج بووین و هێز و توانامان هەبو هەرپێكەوەبووین. ئێستا کەلێكەوتووین پێویستمان بەهاودەنگێکە، منداڵەکان لەماڵی خۆیاندان و ئێمەش تەنیا ماوینەتەوە".
دایە ئایشێ، تەمەنی نزیک بەحەفتا ساڵ دەبێت تاڵە سپیەكانی قژی و هێڵەكانی نێوان هەردوو برۆ و نێوەچاوانی گەواهیدەدەن كە كاروانێكی دوورودرێژی سەختی ژیان و گوزەرانی، بەڕێكردووە ، ئەم ئێستا بەهۆی پوکانەوەی ئێسکەکانی چەند جارێک، توشی شکانی دەست، مەچەک و قاچی بووە،بەڵام بەناچاری هێشتا هەر خۆی خواردن بۆ خۆی و هاوسەرەکەی دروست دەکات و هاوسەرەکەشی توشی جەڵدە بووە و لایەکی جەستەی ئیفلیج بووە، ئەم خێزانە خاوەنی شەش کوڕ و چوار کچن، بەڵام ئەمڕۆ بەدەر لە سێبەری خۆی و مام عەلی هاوسەری، سێبەرێكی دیكە لەو ماڵە بەدی ناكرێت، دوو بەدووپێكەوە دەژین و جار جار منداڵەکان سەردانیان دەكەن، كاتێكیش باسی ئەو ڕۆژگارەی كرد، تەواو نوقمی حەسرەت بوو و خۆزگەی بەهەمووچركەیەكی ئەو ساتەوەختانە دەخواست و بەزەردە خەنەیەكی شەرمنەوە گێڕایەوە، "لەگەڵ هاوسەرم خزم بوین ئەوان چەند براو چەند خوشکێک بوون، دایکیان کۆچی دوای کردبوو، بەهۆی ئەوەی کابانیان نەبوو، منیان دا بە (عەلی) و هاوسەرگیریمان کرد، ئەوکات من تەمەنم تەنیا چواردە ساڵان دەبوو". روونیكردەوە هاوسەریشم ئەوەی نەیدەویست هاوسەرگیری بوو، لەبەرناچاری و دابونەریت ئەوکات ئەودۆخەمان قبوڵ کردو دواجار لە خێزانی خۆمەوە رۆیشتم و بوم بەکابانی خێزانێکیتر، منداڵی خۆمم نەبینی و نەمزانی ژیانی گەنجێتی چییە.
باسیشیكرد كە سەرەتای هاوسەرگیرییەكەی زۆر قورس و بەئازار بووە و پڕبوە لە کارو ئەرکی قورس "بۆتەمەنی ئەو كاتەی من نەدەگونجا، بەڵام زۆر گەورەتر لەتەمەنی خۆم رەفتارم کردو ئەرکی خێزانەکەم گرتە ئەستۆ، تا دواجار خۆشم بوم بە دایک ،کە یەکەم منداڵم لەدایک بوو بەرپرسیارێتیم زۆر زیاتر بوو، هێشتا تەمەنی نۆبەرەکەم نەبوبوە دووساڵ، دووبارە بومەوە بەدایک ئەوسەردەمەش واباوبو و خێزانەكان هەموو گەورە و تێكەڵ یەكگرتووبون، تەنانەت كە کۆتا منداڵیشم لەدایک بوو، هێشتا شوبرا و دشەکانم لەگەڵمان بوون، تا هاوسەرگیرییان کرد و چونە ماڵی خۆیان، دواجار خۆم و منداڵەکان و هاوسەرەکەم ماینەوە، رۆژگار تێپەری منداڵی خۆشمان گەورەبوون و بەهۆی ئەوەی لە لادێبوین منداڵەکانم نەیانتوانی بخوێنن و تەمەنیان گەورەبوو تائەوکاتەی هاتینە ناوشارو تەنیا کچە بچوکەکەم کردە بەرخوێندن و توانی بخوێنێت و بەشی پەرستاری تەواوكرد، لەئێستادا ئەو بووەتە گۆچانی پیریمان و زۆر بەدەم نەخۆشی و ئازارەکانمانەوە دێت هەر سەرمان گەرمبێت یەکسەر لەلامانە منداڵەکانیتریش بەهەمان شێوەن، بەڵام هێشتا ژییان قورسە بۆ ئێمە کە لەناو خێزانێکی گەورەدا چاومان کردەوە تا هێز و توانامان هەبو هەرپێكەوەبووین و ئێستا کە پێویستمان بە هاودەمێکە ئەوان لەماڵی خۆیاندان و ئێمەش تەنیا ماوینەتەوە.
لەبارەی ئەرک و سەختییەکانی ژیانی گەنجییەوە، دایە ئایشێ، باسی لەوەکرد سەرباری ئەرک و ژیانی قورسی لادێ روخانی ماڵ و ویرانبونی چەندجارەی لادێکەیان لەلایەن حکومەتی پێشوی عێراق کەئەوەندەی ترئەرکی سەرشانیانی قورس کردبوو، وەك دەڵێت "بەڵام هێشتا دڵ گەرم بووین بەژیان و هاتنی پێشمەرگە بۆ ماڵەکانمان شادی دەکردین و لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندییە خێزانییەکانمان لەوپەڕی پتەویدا بوون و سەردان و بەسەرکردنەوە لەنێو خێزان و خزم و كەسدا هەبوو منداڵەکان لە دەوری خۆمانبوون و ئێمەش جەستەمان چالاکتربوو ،لەکاتێکدا هیچ رۆژێکی تایبەتمان نەبوو هەمو رۆژەکان هی خێزان بوون و بۆخۆمان دەژیاین، بەڵام ئێستا هەرچەندە رۆژێک هەیە بەناوی (رۆژی خێزان) ،بەڵام پەیوەندییەکان لاوازبوون ،ئینتەرنێت و مۆبایل بۆتە هۆی ساردبونەوەی پەیوەندییە خێزانیەکان و مەگەر لەبۆنەیەکی وەهادا هەندێک لە مرۆڤەکان بەبیریانبێتەوە کە خاوەنی خێزانن و پێویستە لەچوار دەوری یەکدیبن، ئەویش بۆرۆژی دواتر لەبیریان دەچێتەوە".
لەسەر خواستی خۆیان ناوی كارەكتەرەكان خوازراون
پرۆژە و چالاکیەکان
چاپکراوەکان