Women's Media and Culture Organization
(Rewan Media & Social Services)
رێوان
(میدیای رێوان - کۆمەڵایەتی)
پاش تێپەربوونی (123) ساڵ بەسەردەرچوونی یەكەمین ڕۆژنامەی كوردی لەلایەن مقداد مدحەت بەدرخانەوە، لە شاری قاهیرە، لە ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردیدا، ڕۆژنامەنوسان بەدوایی ئازادی رادەربڕین و فەراهەمكردنی ئەمنییەت و ئاسایشی بواری كاركردندا وێڵن. ژنە رۆژنامەنوسێك دەڵێت "میدیای کوردی لەقەیراندایە، لەبەرئەوەی هەموی ئاڕاستەکراون و سەر بەحیزب و لایەنێکی دیاری کراون".
كۆمەڵێك رۆژنامەنوس و میدیاکار، لەدیمانەیەکی تایبەت بەرێواندا،باس لە كارپێنەكردنی یاسای كاری ڕۆژنامەگەری و كۆتوبەندكردنی ئازادییەكان، دەكەن.
(پەرێز صابیر) رۆژنامەنوس و چالاکوانی مەدەنی، پێیوایە میدیای کوردی لە قەیراندایە، لەبەرئەوەی هەموی ئاڕاستەکراون و سەربەحیزب و لایەنێکی دیاری کراوەو ئامانجی خۆی لەلا مەبەستە، نەک لایەنە مرۆڤایەتیەکەی "تاكو ئێستا میدیایەکمان نییە، بەیەکسانی خزمەت بەهەمو چین و توێژێک بکات". ئەوئاستەنگانەشی باسكرد كە رووبەرووی رۆژنامەگەری دەبێتەوە، وتی "ئێمە ناتوانین دەست بۆ ئەوپرسە گەرم و ئەوگەندەڵیانە بەرین، كە لەم هەرێمە دەگوزەرێت، ئەوەش بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی ئەو رۆژنامەنوسانەی کەپێشتر بینیومانە چۆن، روبەڕووی کوشتن و ئەشکەنجە بونەتەوە"، روونیكردەوە لەئێستادا لەکۆمەڵگەیەکداین پێمان دەوترێت رۆژنامەنوس نابێت بەپێی پێویست ئازاد بێت و دەست بۆ هەموو چەمکێکی کۆمەڵگا ببات، بەنمونە (مەلەفی نەوت، ئابوری و هەندێک كەیسی کوشتن کەبەشێوەی عەشایەری حل دەکرێت)، چونکە بکوژلەژێر ڕکێفی کەسێکدایە و ژێربەژێر پەردەپۆش دەکرێت وتی"ڕەوشی رۆژنامەنوس لەژێرهێڵی مەترسیدایە، بۆیە دەبێت بە بەرنامەو پرەنسیپێکەوە ئیش بکەین کەخزمەت بەکۆمەڵگە بکەین، نەک لایک و کۆمێنت زیادبكەین لە سۆشیاڵ میدیا". ئاماژەی بەوەكرد ئەوانەی داکۆکی لە رۆژنامەنوسان دەکەن، هەریەکەو لەلایەکەوە هاوكاری دەکرێن، ڕەنگە ئەوەش وابکات هەمووان بەدەزگای خۆیانی نەزانن، پێموایە دەبێت دامەزراوەیەکی مەدەنی و فیکریمان هەبێت لە کوردستان كە وەرزانە، راپۆرتێک لەسەر رۆژنامەنووسان بڵاوبکاتەوە، وتی"لەیادی رۆژنامەگەری کوردیدا بە رۆژنامەنوسان دەڵێم پیشەییانە کاربکەن و مەبن بەدادوەرو لێکۆڵەرو ئاسایش، واڕوماڵ بکەن کە جارێکیتر کۆمەڵگە بەو هەڵەیەدا تێنەپەڕێت".
لەگەڵ هەموو كێشە وئاستەنگەكانی رۆژنامەگەری(رێزان محەمەد)ی رۆژنامەنوس، گەشبینە بە بەشداری ژنان لە بوارەكەدا، پێیوایە هۆكاری زیادبونی ژمارەی رۆژنامەنوسی ژن تواناو وبوێری ژنان دەسەلمێنێت، هەربۆیە دایکان و باوکان پاڵپشتی کچەکانیان دەکەن تاوەكو لە راگەیاندندا کاربکەن.
رونیكردەوە بارودۆخی ژنانی رۆژنامەنوس، بەدو جۆرتێدەپەڕێت جۆرێکیان زۆر باش کارەکانی خۆیان دەکەن و ئەودەزگایەی کاری بۆدەکەن پاڵپشتییان دەکات، " لەبەرامبەردا هەندێک دەزگا هەیە پاڵپشتییان ناکات و لەمپەڕو رێگرییان بۆ دروستدەکات، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی لەئێستادا پاڵپشتی زیاترە وەک لە ڕێگرییەکان".
ئەگەرچی(رێزان) یاسای رۆژنامەگەری كوردی، بەپاڵپشت دەزانێت بۆ رۆژنامەنوس، بەڵام بەگومانە لە جێبەجێكردنی، دەڵێت "کاتێک رۆژنامەنوسێک ڕوبەڕووی دادگا دەبێتەوە وەك لەهەندێک حاڵەتدا بینیومانە، بەداخەوە کاربەو یاسایانە نەکراوە، رۆژنامەنوسمان هەبووە ئەو یاسایەی کەلەسەری دەستگیرکراوە، گۆڕدڕاوە بەیاسایەکی تر، لەسەربڵاوکردنەوەی بابەتێک دۆسیەکەی کراوە بەدۆسیەی خراپ بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان، لەوکاتەدا یاسای رۆژنامەنوسی ناتوانێت پاڵپشتی رۆژنامەنوسەکە بکات".
تایبەت بە داكۆكیكردن لەرۆژنامەنوسان، ئاماژەی بەوەكرد هەندێک ڕیکخراو دەزگاو سەندیکا هەن بەناوی داکۆکیكردن لەرۆژنامەنوس کاردەکەن و لەبونی هەرکێشەیەک لێکۆڵینەوەدەکەن، "بەڵام هەندێک شوێنیتر تەنیا بەیاننامەیەک دەردەکەن ئەمەش هیچ شتێک لە ڕەوشی ئەو رۆژنامەنوسە ناگۆرێت کەدەستگیردەکرێت، یاخود روبەڕووی هەڕەشە و لێدان و لێسەندنی کەلوپەلی کارە رۆژنامەوانیەکەی دەبێتەوە، بۆیە پێویستە کرداریانە کاربۆپاڵپشتی رۆژنامەنوس بکرێت". سەبارەت بەرێگرتن لەكاری رۆژنامەوانی و توندوتیژییەكانی كە بەرامبەریان دەكرێت، وتی "راگەیاندن لەوبارودۆخەدا لە پاشەکشێدایە، بۆیە پێویستە دەزگاکانی راگەیاندن هەوڵبدەن چالاکانەترکاربکەن لەسەر ئەو بابەتانای کۆمەڵگە بەرەو پێشەوە دەبات، نەک ئەو بابەتانەی تاکەکانی کۆمەڵگەو گەنجان بەرەوهەڵدێردەبات".
لەلایەكی دیكەوە (هەوراز ئەحمەد)ی رۆژنامەنوس، باسی لەوەكرد گەرچی لەمساڵانەی دوایدا، چەندین دەزگا و دامەزراوەی نوێ کراوەتەوە، بەڵام رەوشی رۆژنامەگەری لەمەترسیدایەو ئەزمونەكانی رابردوو ئەومەترسییە دەخاتەڕوو کە دەسەڵات و ئەو حیزبانەی باسی ئازادی رۆژنامەگەری دەکەن، هەرخۆیانن ئەو ئازادییەیان کردۆتە مەترسییەوە، وتی"ئامارو داتاکان، ئەوەمان پێدەڵێت، کاری رۆژنامەوانی بەتایبەت بۆ ژن لە دۆخی ئارامیدا نییەو رۆژنامەنوس ناتوانێت بەئازادی رای خۆی دەربڕێت".
روونیكردەوە "رۆژنامەنوس بەدەر لەیاسای كاری رۆژنامەوانی بەیاسای جیاجیا دادگایی دەکرێت، ئەمەش وایكردووە ئەو رۆژنامەنوسانەی پێشێلکارییان بەرامبەردەکرێت، سکاڵا تۆمارنەکەن و بروایان بەدادگا نەمێنێت. دادوەرەکان و شارەزایانی یاساییش باس لەوە دەکەن دەسەڵاتی دادوەری لەژێر هەیمەنەی حزبیدایە".
(هەوراز)جەختی لەوەكردەوە ئەگەرکاری رۆژنامەوانی بۆ پیاوان قورسبێت ئەوە، بۆ ژنان دوو هێندە قورسترە، چونکە ژن ناتوانێت بە ئازادی کاربکات وتۆمەتی بۆ هەڵدەبەسترێت، "بەڵام خۆشبەختانە كەئەمانە ژنی رۆژنامەنوسی سارد نەکردۆتەوە، بەڵگەش بۆئەوە بونی ئەو ژمارە بەرچاوەیە لەژنانی رۆژنامەنوس، کەخۆم یەکێکم لەوانەی توندوتیژیم بەرامبەرکراوە، بەڵام كۆڵمنەداوە".
(سۆما خالید)ی رۆژنامەنوس و میدیاکار وتی "گەر باس لەو ئاستەنگ و کێشانەبكەین كە ڕوبەڕووی رۆژنامەنوس دەبێتەوە لەهەرێمی کوردستان، ئەوە رۆژنامەنوسی رۆژ بەرۆژ بەرەو فەوزایەک دەچێت کەرێگری لەبەردەم کاری رۆژنامەنوسی دەکرێت و بچوک دەکرێتەوە وەک ئەوەی لەم دواییەدا بەرامبەر ئەو رۆژنامەنوسانەی بادینان ئەنجامدرا". بەپێویستی دەزانێت میدیایەکی سەربەخۆمان هەبێت و رۆژبەرۆژ زیاتر، پەرەبدەین بەئازادییەکان و هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوە نێو دەوڵەتیەكان بكەین، بۆئەوەی بتوانن فشارێکی نێو دەوڵەتی دروست بکەن بۆ نەمانی زیندانی کردن و تەسک کردنەوەی ئازادییەکان هەروەها یەک دەنگی رۆژنامەنوسانیش رۆڵی دەبێت، بۆ نەمانی ئەو ئاستەنگانە".
(سۆما)جەختی لەوەكردەوە ئەو ڕێکخراو سەندیکایانەی لەهەرێمدا هەن، هەركاتێك رۆژنامەنوسێک ڕوبەڕووی هەر کێشەیەک بوبێتەوەو پەنای بۆبردبێتن بەهانایەوە چون و داکۆکیان لێکردون، بەڵام نەتوانراوە بەپێی پێویست بێت ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵات.