نیسانی ئهمساڵ جیاواز له ههرسێ مانگی رابردووی (2021) ،ههڵگری شهپۆلێكی تهمووژاوی چاوهڕواننهكراوی كوشتن و خۆكوشتنی یهك، لهدوایهكی كچان و ژنانی كوردستان بوو زهنگی ترسناكی ئهگهری بهدیاردهبوونی ئهم حاڵهتهی لێدا. توێژەرێكی دەروونییش دهڵێت "ڕاگەیاندنەکان هەواڵی کوشتن و چۆنیەتی ئەنجامدانی ڕووداوەکە بڵاودهكهنهوه، ئهمهش خۆی لەخۆیدا کارەساتە".
لەماوەی کەمتر لەمانگێکدا لە هەرێمی کوردستان، ژمارهی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان زیادی کردووە ، تا ئامادهكردنی ئهم راپۆرته (٩)كهیسی کوشتن و خۆكوشتنی ژنان، لهلایهن پۆلیسهوه تۆماركراوە.
هەندێکیش پێیانوایه ڕاگەیاندنەکان بهرپرسیارن لهكاردانهوهی نێگەتیڤی رووداوهكان له نێو كۆمهڵگا، چونكه بهبێ ڕەچاوکردنی ئیتیکی ڕۆژنامەوانی. هەواڵ و نهێنیهکانی کوشتن و خۆکوژییەکان بڵاودەکەنەوە.
شنیار تۆفیق توێژەری دەروونی لە (بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان)، سەبارەت بە کاریگەری ئەم ڕووداوانە لەسەر دەروونی تاک بۆ ڕێوان، وتی" لەڕووی دەروونییەوە باسکردنی بابەتی کوشتن کاریگەری نێگەتیڤی هەیە لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگا، یەکێکیش لە قوربانیەکان هاوڵاتیانن، کاتێک ڕاگەیاندنەکان هەواڵی کوشتن بڵاودەکەنەوە هاوكات چۆنیەتی ئەنجامدانی ڕووداوەکە، باس دەکەن ئەمه خۆی لەخۆیدا کارەساتە، چونکە هەم کاریگەری لەسەر دەروونی ئێمە دروست دەکات وەک وەرگر وەلەهەمان کاتدا، ڕەنگە کەسانێک هەبێت لە ڕووی دەرونییەوە ماندووبن، بیر لە خۆکوژی بکەنەوە، ههواڵی ڕوداوهكه و چۆنیەتی باسکردنەكهش کارئاسانیان بۆدهكات".
روونیكردهوه لهڕووی پەروەردەییەوە بەرنامە و فلتەرێک نییە، بۆ سەیرنەکردنی ئەم ڕووداوانە، کە منداڵی خوار تەمەن (18)ساڵ بینەریەتی. ئاماژەشی بەوەدا ئێمە وڵاتی سێیەمین لەڕووی ڕۆشنبیری، ئابووری و تەندروستییەوە و هێندە پێشکەوتوو وپێگەیشتوونین، هەموو ئەمانە بوونەتە هۆی ئەوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان زیاد بکات، کە هۆکارێکه بۆ کەسەکە بیر لە کوشتن و خۆکوشتن بکاتەوە، وتیشی "یەکێکی تر لە هۆکارە مەترسیدارەکان ڕاگەیاندنه، بۆنمونه ژنێک بیرۆکەی خۆکوشتنی هەیە و بێزارە لەماڵەوە یاخود کێشەیەکی کۆمەڵایەتی هەیە، چەند جارێکیش هەوڵی خۆکوشتنی داوەو شکستی هێناوە، کاتێکیش ڕاگەیاندنەکان هەموو ئەم ڕووداوانە وابەزەقی باس دەکەن بە ئاسانی هەنگاوهكانی ڕووداوەکە، بڵاودەکەنەوە، دەبێته پاڵنەرێک کە ڕووداوەکە دووبارە بکاتەوە و بەم شێوەیەش ڕووداوی کوشتن و خۆکوژی ڕوو لە زیاد بوون دەکات".
بهبڕوای توێژەر، چارەسەری هەموو ئەم ڕووداوانە ئەوەیە کە ئێمەی مرۆڤ بە گشتی و ژنان بە تایبەتی، فێربن گرنگی بە خودی خۆیان بدەن،فێربن خۆیان پێبگەیەنن و هۆشیارببنەوە، چونکە "ئهگەرهەرتاکێک لەم کۆمەڵگایەدا هۆشیاربێت و گرنگی خۆی بزانێت، دەتوانێت بەسەرلە(80%) ی کێشەکانی زاڵببێت"، وتیشی "پەروەردەی دایک و باوکیش ڕۆڵێکی سەرەکی ههیە لە چارەسەرەکان،دەبێت منداڵەکانتان وا ڕابهێنن هەست بە بەرپرسیارێتی خۆیان بکەن، توانای چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانیان هەبێت، دواتر دەبێت یاسا زۆر لە تاک و ڕاگەیاندنەکان بکات کە سنورێک دابنێن، بۆ ئەو هەواڵ رووداوانهی بڵاودەکرێتەوە".
لهلایهكی دیكهوه لهناو تۆڕهكۆمهلایهتییهكان کەمپینێک بەناوی(نا_بۆ_بڵاوکردنەوەی_هەواڵی_مەرگ_و_خۆکووژی_لە_میدیاکان) ڕاگەیەندراو تێیدا داواکراوه، بڵاوکردنەوەی ئهو ڕووداوانە ڕابگرن، بەو پێیەی گرفتی دەروونی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و زۆر بڵاوبوونەوەشی وادەکات، خەڵکی بە شتێکی ئاسای سەیری بکات و دووبارە بکرێتەوە.
یەکێک لە بەشداربوانی کەمپینەکە (زەینەب ئیسماعیل)ی تەمەن (٢٥)ساڵ، وتی" بەڕاستی ڕووداوەکان زۆر زیادیان کردووە بەشێوەیەک تاساوین وكاریگهری ڕووداوێک هێشتا لەمێشکماندا مابوو، خێرا رووداوێكی كه بڵاودەکرایەوە".
وتیشی"ژنان لەم کۆمەڵگایەی مندا کێشەی گوێ لێنەگرتن و لێتێنەگەیشتنیان هەیە لەلایەن بەرامبەرەوە، هەمیشە دەبنە قوربانی، کەسێک نیە ئامێزێکی گەرمیان بۆ بکاتەوەو نەیەڵن توشی ئەو حاڵەتە دەروونیانە ببن". روونیكردهوه ڕاگەیاندنەکان سهرقاڵی خێرایی بڵاوکردنەوەو زۆری زانیاریەکان، بێئاگان لە ئیتیک و ئەو کارەساتانەی کەدوای بڵاوکردنەوە ڕوودەدات.
لاڤین مەریوانی تهمهن(٢٢)ساڵ لهههمان كهمپین، دهڵێت" کچان و ژنان پێویستیاین بەپاڵپشت و کەسێکە لەکاتی دڵتەنگی و ناخۆشیەکانی ژیان، هانای بۆبەرێت، هۆكاری زۆربهی خۆكوشتنهكانی ژنان، كه لەم دواییهدا بڵاوکرانەوە، ئەوەیە كه گوێیان بۆ نەگیراوە یاخود لە تەمەنێکی منداڵدا هاوسەرگیرییان کردووە و توندووتیژی، سوکایەتی و ئەشکەنجەی دەروونییان بهرامبهر كراوه و ترسیان لە خێزانەکانیان وادەکات بەرگەی ئەو بارودۆخە ناخۆشە بگرن، بۆیە هۆشیاربوونەوەی ژنان و کچانمان یەکێکە لە ڕێگا زۆر باشەکان بۆ زاڵبوون بەسەر هەموو بارودۆخە قورسەکانی ژیان" .