Women's Media and Culture Organization (Rewan Media & Social Services)
رێوان رێكخراوی راگەیاندن و رووناکبیری ژنان (میدیای رێوان - کۆمەڵایەتی)
بەهۆی ئەوەی لە وەرزی زستاندا پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت، مرۆڤ ڕووبەڕووی چەندین گۆڕانکاری جەستەی و تەندروستی دەبێتەوە، بۆ بەهێزکردنی بەرگری لەشمان و پاراستنی تەندروستیمان لەوماوەیەدا دەبێت گرنگیەکی زۆر بدەین بەوخۆراکانەی کە ڕۆژانە لەم وەرزدا بەکاری دەهێنین.
پسپۆری زانستی خۆراک دکتۆرە (ئیسرا کەمال) لەم بارەیەوە بۆ ڕێوان وتی: بێگوومان لەم كاتەدا پەتا وەرزییەكان زۆرن، زۆر گرنگە ئاگاداری بەرگری لەشمان بین و ئەوخۆراکانە بخۆین کە بەرگری لەشمان بەهێز دەکات، ئەوخواردنانە دەبێت دژە هەوکردن و ڤیتامینە پێویستەكانی تێدابێت بۆ زیاد بوونی بەرگری لەشمان وەكو ڤیتامین سی، نموونەی ئەو خواردنانەش (زەنجەفیل، زەردەچەوە، بیبەری رەش و هەنگووینی سروشتی، دارچینی ، سركەی سێوی سروشتی، سیر و پیاز ) ئەم خۆراکانە دژە هەو کردنێکی زۆر باشیان تێدایەو دەکرێت بیانخەینە لیستی ڕۆژانەمانەوە.
لە وەڵامی ئەوەی ئایە تاچەند خواردنە کوردەواریەکان لەم وەرزەدا گرنگن بۆ تەندروستیمان ئیسرا کەمال وتی: بێگومان خواردنە کوردەواریەکان بەتایبەتی ئەوانەی لە زستاندا بەکاردەهێندرێت زۆربەیان زۆر تەندروستن، بەهۆی ئەوەی کۆمەڵێک سەوزەواتی هەمەجۆری زۆر باشی تێدایە کە پێکهاتەی ڕیشاڵ و ڤیتامین و کانزا و دژە ئۆکسیدی زۆر باشیان تێدایە، هەندێک لەخۆراکەکان بەشێك لەپاقلەمەنیەكانیان لەناودایە کەسەرچاوەیەکی پڕۆتینی ڕووەکین، هاوکات ڕیشاڵێکی زۆر باشیان تێدایە کە زۆر گرنگە بۆ تەندروستی لەش و دابەزاندنی چەوری زیان بەخشی خوێن.
ئاماژەی بەوەشدا لەگەڵ ئەوەی كە پێكهاتەكانی خواردنەكوردەوارییەكان زۆربەی پێكهاتەی خۆراكی تەندروستن لەگەل ئەوەشدا ڕێگای دروستکردنیشیان تەندروستە، چونكە زۆربەی خواردنە کوردەواریەكان دەکوڵێندرێت و سورناکرێتەوە، كەواتە هەڵبژاردەیەكی زۆر باشە کەئەمخۆراکانە بهێنیتە لیستی خواردنەکانتەوە، بەڵام دەبێت ئاگات لەبڕی خواردنەکەت بێت، چونكە زۆر خۆری لەهەرجۆرە خۆراكێك واتە زیاتر لەوە بخۆیت كەلەشی ئێمە پێویستێتی ڕەنگە ببێتە هۆی دروست بوونی چەوری زیادەو قەڵەوی، بۆیە گرنگە بزانیت کە بڕی چەند لەم خواردنانە دەخۆیت.
دەربارەی قەرەبووکردنەوەی ڤیتامین (D) کە سەرچاوەی دروست بوونی تیشکی خۆرە، بەڵام لە زستاندا بەهۆی کەمی تیشکی خۆرەوە ئەم ڤیتامینە لەلەشدا کەم دەکات دکتۆر ئیسرا ڕوونی کردەوە: لە زستاندا کە تیشکی خۆر کەمە یاخود بەهۆی ئەوەی خەڵك خۆی دادەپۆشێت و ناتوانێت راستەوخۆ بچێتە بەرخۆر تاكو خۆر راستەوخۆ لە پێستەكە بدات ڤیتامین دی دروست بێت لەجەستەماندا، بێگومان ڤیتامین دی ئەگەری کەم بوونەوەی ئەبێت لەلەشماندا، بەڵام هەندێ سەرچاوەی خۆراکیمان هەیە بۆ بەدەستهێنانی ڤیتامین دی وەک( شیر و شیرەمەنیەکان _ ماسیە چەورەکان _ جگەر _گۆشتی سور _ هێلکە)، هەندێ کات هەیە (ڤیتامین D) زۆر کەم دەبێت لەلەشمانداو نیشانەی كەمبوونەوەكەی زۆر دەردەكەوێت لەسەر جەستەمان، رەنگە نەتوانین لەڕێگای سەرچاوە خۆراکیەکانەوە ئەو بڕە پێویستە بەتەواوی قەرەبووبكەینەوە لەوکاتەدا بە ناچاری پەنادەبەین بۆ (تەواوکەرە خۆراکیەکان)لەژێر رێنمای پزیشکدا.
پرۆژە و چالاکیەکان
چاپکراوەکان