ئەمڕۆ لە ئامادەیی (د. عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ)ی تێکەڵ بە ئامادە بوونی پارێزگاری سلێمانی و سەرجەم بەرپرسانی پەروەردەی گشتی و پەروەردەی ڕۆژئاوا زەنگی ساڵی نوێ خوێندن لێدرا سەرەتای مەڕاسیمەکە بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و سرودی نیشتیمانی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد.
سەبارەت بەگرنگی دەستپێكردنی پرۆسەی خۆێندن لەم دۆخە دا، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی بە ڕێوانی ڕاگەیاند: "ئومێدەوارم زەمینەیەکی لەبارهەبێ بۆ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن وە بەهەموومان بتوانین خوێندن بخەینە سەرپێی خۆی، چونکە جوڵەی سەرەکی کۆمەڵگای ئێمەیە، وەستاندنی خوێندن زیانێکی گەورە بە نەوەکانی ئێستا و ئایندە دەگەیەنێت"، د. هەڤاڵ هەڵوێستی کەرتی پەروەردەی بەرزنرخاندو وتی "مامۆستایان و خێزانەکان و خوێندکاران جوامێرانە و مەردانە درێژەیان بە پڕۆسەی خوێندن داوە وەک پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ ئەوەیان پڕۆسەی خوێندن دەستپێبکاتەوە بەو مەرجەی هەموو ڕێکارە تەندروستیەکان بگیرێتە بەر"، وتیشی "ئومێد دەکەم حکومەتی هەرێمی کوردستان بەزووی بتوانێت شایستە داراییەکانی هەموو کەرتەکان بەتایبەتی کەرتی پەروەردە و تەندروستی و شوێنەکانی تر دابین بکات بۆ ئەوەی بتوانن بەباشترین شێوە لەسەر ئەو ڕەوتە بەردەوام بین وە کۆتای بەم بارو دۆخە بهێنین".
سەبارەت بە رێكارە تەندروستیەكان بەڕێوبەری گشتی پەروەردە دڵشاد عومەر وتی"ئێمە وەک وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیدا کۆمەڵێک فەرمانی وەزاریمان دەرکردووە بۆ ڕێکارە خۆپارێزییەکان ئەوەی گرنگە لەئێستادا، کردنی دەمامک و دورکەوتنەوەیە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی پەروەردە"، لەدرێژەی قسەکانیدا دڵشاد عومەر وتی "دوێنێ لە زۆربەی قوتابخانە ئامادەییەکان دەمامک و کەلوپەلی پاکژکەرەوە و ئامێری پێوانی گەرمیمان دابەشکردوە کە دەتوانم بڵێم ئێمە وەک حکومەت ئەرکی خۆمان جێبەجێ کردووە ماوەتەوە سەر ئیدارەو خێزانەکان بۆ جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی خۆپارێزی".
دەربارەی كێشەی ئەو خوێندنگایانەی لەدەوامێک زیاتردەكەن روونیكردەوە "یەکەم جار خوێندکارانی(١٢)ی ئامادەیی دەستپێدەکەن و دواتر قۆناغی (١-٢)سەرەتایی قۆناغ بە قۆناغ دەچینە پێشەوە گەر سەرکەوتوو بوو نەبووە هۆی زیادبوونی ڤایرۆسەکە هەوڵدەدەین دەوام بکەین بە (تنأوب) واتە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک هەندێک لە خوێندکاران دەوام دەکەن و چەند ڕۆژێکی تر هەندێکی دیكە بۆ ئەوەی ڕێنماییەکان جێ بەجێ بکەین دەبێت پڕۆسەی خوێندن خاوتربێت".
بۆجیبەجێكردنی رێكارییە خۆپارێزییەكان (ئاسۆ محەمەد) بەڕێوەبەری قوتابخانەی( عیزەدین مستەفا ڕسوڵ) وتی" لەناو پۆلەکاندا ژمارەی خوێندکارانمان کەمکردۆتەوە بۆ (١٢-١٥)خوێندکار لە هەر پۆلێکدا و دوورییان (١,٥)ە و ژمارەی پۆلەکان سێ قات زیادی کردووە ئەمساڵ تەنیا لە قوتابخانەکەمان (٣٠)پۆلی قۆناغی(١٢)ی زانستی و وێژەییمان هەیە" .
بەرای مامۆستا (نەرمین مستەفا) ئەگەرچی ئەم جۆرە خوێندنە دەبێتە هۆی بارگرانی بەسەر مامۆستاوە بەبێ موچەو بارێکی دەروونی خراپ، دەستبكرێتەوە بەخوێندن، "بەڵام لە پێناو خزمەتکردنی خوێندکارەکانمان لەم بارودۆخە تایبەتەدا درێژە بە پڕۆسەی خوێندن دەدەین". بۆچارەسەركردنی گرفتی كەمی مامۆستا بەرامبەر زۆری ژمارەی خوێنكارانی پۆلی 12،وتی "بێجگە لە مامۆستایانی قۆناغی(١٢) دەبێت مامۆستایانی قۆناغی(١٠-١١) ئامادەبن بۆ وانە وتنەوە بەخوێندکارانی قۆناغی(١٢) بۆ ئەوەی شارەزاییان هەبێت لە وانەکانی قۆناغی(١٢)، هەر خوێندکارێکیش توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببێت ئەو ماوەیەی کە لەماڵەوەیە دەتوانێت بەرنامەی(هەورە فێرگە)داببەزێنێتلە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە کەتایبەتە بە وەزارەتی پەروەردە، وە ئێمەش بە پێی توانا بەوپەڕی دڵسۆزییەوە یارمەتی خوێندکاران دەدەین".