Women's Media and Culture Organization (Rewan Media & Social Services)
رێوان رێكخراوی راگەیاندن و رووناکبیری ژنان (میدیای رێوان - کۆمەڵایەتی)
كوشتنی هەندێك لەو ژنانەی كە پێشترلە شەڵتەرەكاندا داڵدەدرابوون وبە بەڵیننامەیەك رادەستی كەسوكار كراونەتەوە, بەرێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانی هێنایە دەنگ و بەرپرسێكی بەڕێوبەرایەتیەكە دەڵێت"چاوەڕوانی فەرمانی وەزیرین بۆ دەستبەجێ هەڵدانەوەی دۆسێی سەرجەم ئەو كەیسانەی بە بەڵێننامە رادەستی خانەوادەكانیان كراونەتەوە و دواتر كوژراون و هەوڵ دەدەین یاسایەك دەربكرێت كەس نەتوانێت پەنجە بۆ كەیسێك بەرێت كەلەلای ئێمە داڵدەدرابێت".
عەقیدی پۆلیس عەبدوڵڵا عومەر حەمەد بەڕێوەبەری جوڵان و تاوان لەبەڕێوبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان سەبارەت بەوردەكاری ئەم فەرمانە ، ئەمرۆ یەكشەممە ریكەوتی 21/9/2020 بۆ ریوان ڕایگەیاند "بێگومان كوشتنی دوو خوشكەكەی چەمچەماڵ لەلایەن باوكیان پاش گەڕانەوەیان لەشەڵتەر بە وشێوە دڕندانەیەو ناشتنیان لە ناو یەك كۆڕدا كاریگەریەكی سەختی بۆئێمە هەبوو ئەگەرچی پێشتریش هەستمانكردووە ئەو بەڵیننامەیە و ئەو كەفالەتەی لەكەسوكاری ژن وەردەگیرێت میكانیزمێكی كۆنكرێتی ئەوتۆی نییە كەتاوانبار نەتوانیت هیچیان بەرامبەر بكات." روونیشیكردەوە "بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتی ناوخۆیان ئاگاداركردۆتەوە كە ئەوكەیسانە پاش ئەوەی لەلایەن كەسوكار وەردەگیرێنەوە دوای ماوەیەك وون دەبن یان دەكوژرێن ئەمەش خۆی لەخۆیدا كارەساتە بۆنمونە ژنێك لەسەر ئەوەی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی هەبێت روودەكاتە شەڵتەر یان پەیوەندی خۆشەویستی هەبێت ناكرێت بكوژرێت".
بەڕیوبەرەكەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەرچوونی بڕیاری هەڵدانەوەی دۆسێی كەیسەكانی پشتراستكردەوەو وتی"ئەگەرچی هێشتا فەرمانی وەزیرم پێ نەگەیشتووە كە ئەو دۆسێیانە هەڵبدرێتەوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە شتێكی وەها لە ئارادایە لەئێستادا چاوەڕوانی ئەوەین فەرمانی جەنابی وەزیر بگاتە بەدەستمان بۆئەوەی نوسراوێك بۆ بەریوبەرایەتیەكان لە هەموو پاریزگاكانی هەرێم بكەین و ئاگادارمان بكەنەوە لەوەی چەند لەو كەیسانە دوای گەراندنەوەیان كوژراون بۆئەوەی تۆمەتبارەكان دەستگیربكرێن". روونیشیكردەوە "هەروەها بەنیازین بەرنامەیەكی وەها دابڕیژینەوە كە ئەو كەیسانە دوای گەڕاندنەوەیان بۆ ناوخێزانیان سەردانی ئێمە بكەن ئەگەر سەردانیان نەكردو ودیارنەبوون دەبێت كەسوكارەكانیان تۆمەتبار بكەین".
سەبارەت بە میكیانیزمی جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە وتی "پێنج ڕۆژ پێش ئێستا نوسراوێكم بۆ هەموو بەریوبەرایەتیەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان كردووە و ئاماری كوشتنی ژنان لە ساڵی 2017 و 2018 و 2019 و ئاماری شەش مانگی ساڵی 2020 یشمان بۆناردوون داوامانكردووە ئاگادارمان كەنەوە لەوەی چەند كەس دەستگیركراوە وچەند كەسیش دەستگیرنەكراوە لەو بەروارەدا".
لەوڵامی پرسیارێك كە چۆن ئەو كەلێنە یاساییە ئەوەنە ساڵە بەسەریاندا تێپەڕیوە و چەندین حاڵەتی كوشتنی لێكەوتۆتەوە عەقید عەبدوڵڵا وتی "لەئێستادا هەوڵدەدەین لەگەڵ سەرۆكی حكومەت و ئەنجومەنی دادوەری و پەرلەمان كاربۆ دەركردنی یاسایەك بكرێت چیتر كەس نەتوانێت پەنجە بۆ ئەو كەیسانە بەرێت كەلەلای ئێمە داڵدە دەدرێَن راستە بوونی كەموكورتی ئەو یاسایەش پەرلەمان لێ بەرپرسە موشەریعەكان یاسا دادەڕێژنەوە پێشتریش لەو كەموكورتیە یاساییانە (بەڵیننامە) ئاگادارمان كردونەتەوە، بەڵام زۆربەی كاتیش یاساكە سەركەوتوو بووە وتوانیومانە كێشەی كەیسەكان چارەسەربكەین، بەڵام كەسێك نیەتی كوشتنی هەبێت ئەگەر كەیسەكە بێتە شەڵتەر و نەیەت ئەوە تاوانی خۆی هەر دەكات". بەڕێوبەرەكەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی ئاماژەی بەوەكرد ئەگەرچی بەڕێوەبەرایەتیەكە لەرابردوودا بۆماوەی شەش مانگ تا ساڵێك بەدواداچونی كەیسەكانیان دەكرد دوای گەڕاندنەوەیان بۆ خێزانەكانیان بەڵام دواتر ئەركەكانیان گۆڕانكاری بەسەرداهات وەك عەقید عەبدوڵڵا دەڵێت" لەئێستادا ئێمە كاری لێكۆڵینەوەدەكەین ئەركەكانیشمان زۆر سەختە و ئەوەندەش كارمەندمان نییە كەبتوانین لەسەر ئەوە بەردەوامبین".
پرۆژە و چالاکیەکان
چاپکراوەکان