دوابەدوای بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕێژەی بەکارهێنانی کەرەستە خۆپارێزیەکان زیادی کرد، بە تایبەت ماسکەکان، ئەمەش وای کرد ژمارەیەک کۆمپانیا و دیزاینەر هەستان بە دروست کردنی چەندین جۆری ماسک بە شێوازی نوێ بەگشتی بۆ هاوڵاتیان و بە تایبەت بۆ خانمان کە بووبە ستایلێکی نوێی فاشیۆن.
سۆما سیروان عەبداللە دیزاینەر و خاوەنی کۆمپانیا پۆشاکی (ئاشتی)لە ئەمەریکا، دەربارەی دیزاینی ماسکێک تایبەت بە خانمان بە مۆركێكی كوردەواری وتی"بەهۆی پێویستی خەڵکی کوردستان بە ماسک و نەبونی ماسکێک کە شێوە و دیزاینەکەی تایبەت بێت بە کورد، بیرم لەوەكردەوە دیزاینی ماسکێک بکەم بە نەخشی قوماشی کلتوری کوردی كە لە كۆنەوە داپیرەكانمان و دایكەكانمان لەجلوبەرگیاندا پۆشیویانە".
سۆما كچە دیزایەنەری گەنج تەمەنی ٢٦ ساڵە و لە شاری ڕەواندوز لەدایک بووە لەئێستاشدا لە ئەمەریکا دەژی و هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە کارگێڕی لەبارەی هاتنە نێو دونیای (بزنس) وتی"لە مانگی تەموزی ئەمساڵ کۆمپانیای پۆشاکی (ئاشتی)م دامەزراند لەگەڵ سەرهەڵدانی کۆرۆنا و بارودۆخی کەرەنتینە، وردەوردە كۆمپانیاكە كەوتەبواری جێبەجێكردن و بەرهەمهێنان".
ماسکەکان لە ئەمەریکا بەرهەمدێت و لەڕێگەی پۆستەوە، دەنێردرێتەوە کوردستان. لەلایەن خانەوادەكەی كاری بەبازاركردن ودابەشکردنی بۆ دەكرێت. لەمبارەیەوە وتی" شانازی دەکەم وەکو ئافرەتێك ئەم پرۆژەیە ئەنجام دەدەم، چونکە جیهان ئێستا پێویستی بەم جۆرە بەرهەمانە هەیە. ئاواتم ئەوەیە لەلایەن ژنی کورد ئەم بیرۆكانە بەرهەم بهێنرێت بۆ هاندانیان بۆ کارکردن و و بەدیهێنانی دەرفەتی کاری زیاتر.
سۆما باسی لەوەكرد ئەگەرچی ماسک لەڕووی تەندروستیەوە زۆر پێوستە، بەڵام هەندێک لە هاوڵاتیان ئاسودەنین لەبەکارهێنانی، هەروەها ڕۆژانە دوای بەکارهێنانی ماسک و کەرەستەکانی تری خۆپارێزی فڕێدەدرێن و ئەمەش بۆتە هۆی پیسبوونی ژینگە. وتی" مەبەست لە دروستکردنی ئەم ماسکانە بەرهەمێك بوو کە بەکارهێنەر پێی ئاسوودەبێت و پارێزراو بێت لە کۆرۆنا شتێكم نەدۆزیەوە کە ئاسوودەبێت بۆ بەکارهێنانی دوورمەودا و جوانیش بێت وەكو ئەم قوماشە. لەهەمانكاتدا نەمویست ماسکەکان یەك جار بەکاربهێنردێت، چونکە دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە ژینگە و پیسبوون و پاشماوەی زۆر".
سۆما دڵنیایی دەدات بەخانمان لە تەندروستی و پتەوی ماسکەکان، وتی " ماسکەکان بە پێی ڕێنماییەکانی سەنتەری کۆنترۆلکردنی نەخۆشی (سی دی سی) بەرهەم دێن بەتەواوی پارێزەرن دژبە ڤایرۆسی کۆرۆنایە و لە سەدا سەد لە لۆکە بەرهەم هاتوون تێلی لووتیان هەیە لەگەل قایشی گونجاو بۆ گوێچکەکان". ئەوکچە دیزاینەرەهۆشداری دەدا لەمەترسی ڤایرۆسەكەو وتی" ڤایرۆسەکە هێشتا چالاکەو دەبێت زیرەك بێت لە هەڵبژاردنی جۆری ماسکەکان. سەنتەری کۆنترۆلکردنی نەخۆشی ئەمەریکی ئەوەی راسپاردووە کە ماسکی لۆکە دەبێ سێ تەبەقەی هەبێ بۆ پارێزگاری کردن و ماسکەکانی ئێمە لەسەر ئەم راسپاردەیە دروست کراون، بەڵام زۆر جۆر ماسك هەن لە بازاڕ ئەم ڕێنماییانە لە خۆ ناگرێت و بێ سوودن بۆیە هەرچەندە ماسکەکە جوان بێت، بەڵام دەبێت دڵنیابیت لەوەی دەتپارێزێت لە کۆڕۆنا".