Women's Media and Culture Organization (Rewan Media & Social Services)
رێوان رێكخراوی راگەیاندن و رووناکبیری ژنان (میدیای رێوان - کۆمەڵایەتی)
ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی ٢٠٢٠/٨/٢٦ ڕێكخراوی گەشەپێدانی مەدەنی (C.D.O) لەمەراسیمێكدا لەبارەگای ڕێكخراو لەسلێمانی، دوو پرۆژەی نوێی ڕاگەیاند. كەتایبەتە بەچۆنیەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژبە ژنان و كوشتن بەپاساوی شەرەف، لە هەرێمی كوردستان،
لەم بارەیەوە (هانا شوان) سەرپەرشتیاری پرۆژەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی، لە ڕێكخراوی c.d.o تایبەت بە رێوان ووتی"پرۆژەی یەكەم بەناوی (دابینكردنی خزمەتگوزاری بەڕێوبردنی كەیس بۆ ڕزگاربوانی توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەز لە كۆمەڵگەی خانەخۆی) كە شێوازی هەواڵەكردن و وەرگرتنی كەیسەكان لەخۆدەگرێت و تایبەتمەندی پرۆژەكە لەوەدایە كۆمەڵێك خزمەتگوزاری پێشكەش بەو ژنانە دەكەین كە رووبەرووی توندوتیژی دەبنەوە. هەروەها توێژینەوەیەكیشمان ئامادەكردووە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان تایبەتە بەنەفەقە و چارەسەركردنی كێشەی ئەو ژنانەی دوای جیابوونەوە بەهەر هۆكارێك بێت لە نەفەقە بێ بەش ئەكرێن".
لەبارەی ئامانجی پڕۆژەكە هاناشوان ووتی" ئامانجمان پڕكردنەوەی یەكێكە لەو كەلێنە زۆرانەی كە لەئیستادا لەكۆمەڵگەی كوردیدا هەن بەهۆی ئەو هەموو كێشەو قەیرانی سیاسی و ئابوریانەیەی كوردستان، كاریگەری لەسەر تاك بەتاكی كۆمەڵگە كردووە. بێگومان بەتەنها ئەم پڕۆژەیە چارەسەر نیە، بەڵكو هەنگاو و هەوڵێكە بۆ چارەسەر". لەبارەی میكانیزمی كاركردنی پڕۆژەكەش روونیكردەوە كە" پڕۆژەكە لەتیمێكی شەش كەسی پێكهاتوەو بەپێی سیستمێكی ستانداری جیهانی ڕاستەوخۆ لەسەر كەیسەكان كاردەكەن بەناوی هەواڵەكردن كە ستافەكەیان ڕاوێژكاری یاسایی و دەروونی وكۆمەڵایەتی تێدایە هەروەها بەپێی ئەو حاڵەتانەی دەگاتە دەستمان كەسانی پسپۆڕریش خۆبەخشانە هاوكاریمان دەكەن". وتیشی"بەردەوامین لە هەوڵەكانمان بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژی وهۆكارەكانی ئەم دیاردەیە وبە نیازین لەڕۆژی 25/11 ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان، هەڵمەتێكی هۆشیاریش ڕادەگەیەنین".
بۆ ناساندنی پڕۆژەی دووەم (توێژینەوەی مەیدانی كوشتن بەبیانۆی شەرەف). د.لوقمان سیوەیلی مامۆستا لەبەشی كاری كۆمەڵایەتی لەزانكۆی سلێمانی،ووتی"ئەم پڕۆژەیە بیرۆكەی ڕێكخراوی c.d.o.بوو كە هەندێ ئامارو داتا ئاماژەیان بەوە دەدا وێڕای ئەو هەموو مەسەلەی داكۆكیكردن و خزمەتگوزاری و هەوڵەكانی چاكسازی و هەموو ئەو یاسایانەی كە هەیە، بەڵام ئامارەكانی كوشتن و توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، زیادی كردووە. بۆیە بەپێویستمان زانی لەگەڵ c.d.o. توێژینەوەیەك ئەنجام بدەین تایبەت بە كوشتن بەپاساوی شەرەف". سیوەیلی روونیكردەوە كە ستافێكی شارەزاو پسپۆڕ كارەكانی پڕۆژەكە بەڕێوەدەبەن وسێ ڕۆژ ڕاهێنانیان پێ كراوە لەسەر كوالێتی داتاكان و بێلایەنی و چاوپێكەوتن لەگەڵ ئەو كەسانەی لەژێر هەڕەشەی كوشتندان، یان ئەو كەسانەی بكوژن. جەختیشیكردەوە كە "ئامانجی پڕۆژەكە دەرخستنی چۆنیەتی ئەو هۆكارانەی كەلەپشت كردەی كوشتنەوە بەگشتی وجێكەوت یاخود ئەو لێكەوتانەی تاك وخێزان وكۆمەڵگەیانە چین كە دەبێتە هۆی كردەی توندوتیژی بەپاساوی شەرەف هیوادرین ئەنجامەكان دەرچەیەكی نوێ بێت بۆ ناسینی دونیا بینینی تاكی كورد بۆ ژن و پەیوەندی سێكسی ونێرومێ وتوندوتیژی جێندەری". ئاماژەشی بەوەدا كە"بڕیاروایە هەموو ئامانجەكانی پڕۆژەكە لە 8ی مارسی ئایندە لەڕۆژی جیهانی ژنان لە دوتۆیی پرێس كۆنفرانسێكدا بخرێتە روو وبڵاوبكرێتەوە ودواتریش هەموو ئەم ئەنجام وراسپاردانە دەخەینە بەردەست لایەنە پەیوەندیدارەكان بەمەبەستی كەمكردنەوەی ئەم لایەنە نێگەتیڤەی كە هەیە".
پرۆژە و چالاکیەکان
چاپکراوەکان