Rewan

Women's Media and Culture Organization

(Rewan Media & Social Services)

رێوان

رێكخراوی راگەیاندن و رووناکبیری ژنان

(میدیای رێوان - کۆمەڵایەتی)

  • سەرەکی
  • هەواڵ
  • راپۆرت
  • بەدواداچوون
  • چاوپێکەوتن
  • مەڵتیمیدیا
    • فۆتۆ
    • ڤیدیۆ
  • کۆمەڵایەتی
  • کوردی
  • English

"گەرحوكم نەدرێت خۆم و5 مناڵەكەم لەبەردەمی دادگا خۆمان دەسوتێنین".




2020-01-21

ئامادەكردنی- شیرین صبور

(1,920) جار بینراوە


مەحمود حەسەن داوادەكات بكوژی كچەكەی لە سێدارە بدرێت و دەڵێت"دەیانەوێت كەیسەكە بە لاڕێدا بەرن وبكوژ ئازاد بكەن، سوێند بەخوا ئەگەر حوكم  نەدرێت ئەوە من وهەر 5 مناڵەكەم لەبەردەمی دادگا خۆمان دەسوتێنین".

مەحمود حەسەن عەبدوَڵا هەڵشۆیی پێشمەرگەی خانەنشینە داوادەكات بكوژی (سەرباغ)ی كچی لەسێدارە بدرێت پاش ئەوەی چەندین جار رووبەڕووی هەڕەشەی كوشتن ودەركردن بۆتەوە لەلایەن براكەی بەناوی(ع.ه) كە لیوای خانەنشینە، هەروەها (ه)ی برازاشی". رونیشیكردەوە چەندین ساڵە لەژێر فشاری ترس وتۆقاندن وسوكایەتی پێكردنی براو برازەكەی  دەناڵێنن و دەڵێت "ژیانیان لێ تاڵكردووین ودواجار كچەكەمیان كردەئامانج وبەدەستی (ه)ی برازام كوژرا".تراّژیدیای ئەم خێزانە بە مەرگی سەرباغ كۆتایی نایەت دووریش نیە سەرەتای كارەساتێكی دڵتەزێنی تری بەدواوە نەبێت وەك باوكی سەرباغ دەڵێت "دووبارە هەڕەشەیان لێكردوین ولەدڵەڕاوكێ داین نەبادا یەكێكی تری خێزانەكەم بكوژن ئەگەر سازش نەكەم ولێرە نەڕۆین".

 

مەحمود لەنێو گوندی هەڵشۆ بەمام مەحمودی نابینا ناسراوە، هێدی هێدی بە گۆچانەكەی دەستی هەنگاوی بەرەو ئەو ژورە دەنا كە كەلوپەل وخشڵ وتەوقەی سەرو پیڵاوەكانی سەرباغی تێدا هەڵگرتووە بەدەم گێڕانەوە فرمێسك لەچاوەكانیدا قەتیس مابوو ماچی ئەو كەلوپەلانەی دەكردو وتی"ڕاستە چاوم نابینێت، بەڵام بەبۆن دەزانم كە ئەمانە كەلوپەلەكانی سەرباغی جوانە مەرگە". هێماشی بۆ ئەوە كرد هەموو كاتێك كەگڕی خەمی سەرباغ تەنگی پێهەڵدەچنێت جلوبەرگ وپیڵاوەكەی لەئامێز دەگرێت وبەسەریاندا دەگریەت. مام مەحمود لەوەتەی سەرباغیان لەبەرچاویدا كوشتووە ڕیشە ماش وبرنجیەكەی هێشتۆتەوەو نەی تاشیوە، بۆ ساتێكیش دەنگی گوللەباران وهاتو هاواری منداڵەكان و وتەكانی سەرباغی لەیاد ناچێت، ئەو دەڵێت "حەوت مانگ بەر لەئێستا لە 13-6-2019 بەیانیەكەی (ه)ی برازام ڕێگەی بە كوڕەكەم گرت وسوكایەتی بەمن و ژن ومنداڵەكانم كرد وهەڕەشەی كرد كە ئێرە بەجێبهێڵین، منیش نەقیب (ش) م لەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەڵشۆ ئاگاداركردەوە پێم وت فریام كەوە ئەترسم (ه) یەكێكمان بكوژێت". روونیشیكردەوە  ئێوارەی هەمان رۆژ  تەقەیەكی زۆر كراوە وسەرباغ لەدەرەوە پێ وتووە "بابە ئەو تەقانە بۆ ئێمەیە". مام مەحمود دەڵێت "تادەهات تەقەكان لەماڵی ئێمەدا نزیكتر دەبووەوەو لەم ساتەوەختەدا سەرباغ دەستی گرتم بۆ ژورەوەم بەرێت، بەڵام خۆی كەوت بەسەرما و بەهەناسە بڕكێ وتی "وەڵا بابە بەركەوتم هەرئەو چركەیە بوو ئیتر...گیانی لەدەستدا".

 

 مەرگی سەرباغ كتوپڕبوو باوكی دەڵێت"مەرگی سەرباغ ناوەخت بوو وزامێكی قوڵە لەدڵمدا  هەرگیز باوەڕم نەدەكرد كەئیتر نایبینمەوە هەر بۆیە لەپاش چل ڕۆژ لەمردنەكەی لەگەڵ كوڕەكەم چومە سەرقەبرەكەی ودەرم هێنایەوە ولە باوەشم گرت وتێر بەسەریدا گریام وتاوەكو باوەڕم كرد كە چیدی ناگەڕێتەوە". بەگوێرەی وتەكانی مەحمود سەرباغ كچێكی بەتوانا ودەست ڕەنگین بووە "ئەو كچێكی زۆر میهرەبان وبەتوانا وئازابوو ئامادەبوو هەموو ژیانی خۆی ببەخشێت بەخێزانەكەی ئەو  بینایی چاوی من بوو بەردەوام دەیوت بابە من هاوسەرگیری ناكەم وهەر لە ماڵەوە خزمەتی تۆو براكانم دەكەم". ئاماژەی بەوەشدا كەچۆن نیوە شەوان دەچووە سەر چیا وڕێواسی دەڕنیی ولەبازار دەیفرۆشت پاشان قاتی شاڵی دەچنی وپارەكەی بۆخێزانەكەی خەرج دەكرد تەنانەت لەگەڵ براكەی  كرێكاریشی دەكرد. مام مەحمود چاوەكانی سڕی و بەداخێكی گەورەوە وتی"ئەوان هەر سەرباغیان نەكوشت منیش ودایكیشیان بەو حەسرەتەوە كوشت". وتیشی  پێم سەیرە هەتا ئێستاگرێكوێرەی ئەم كەیسە نەكراوەتەوە ویەكلایی نەبۆتەوە"، ئەو ودەڵێت"هەر لەسەرەتاوە بنەماڵەی بكوژ كاریان بۆ ئەوەكردووە كە نەچنە ژێر باری تاوانەكە هەر بۆیە بكوژ خۆی رادەستكرد و چەكەكەی وونكرد، ئاخر ئەگەر ئەمە كەمتەرخەمی وخەم ساردی پۆلیس نەبێت چۆن هەتا ئێستا ئەو كڵاشینكۆفەی نەدۆزیوەتەوەكە تاوانەكەی پێ ئەنجامداوە، لەلایەكی تردا لەهەڵشۆ ودەورووبەری كاتێك رووداوێكی كوشتن رووئەدات تەرمی كوژراوەكە رەوانەی سلێمانی دەكرێت و لەوێ توێكاری دەكرێت، بەڵام نەخۆشخانەی قەلادزێ ئەمەشی بە رەوانەبینی بۆ سەرباغ وهەر ئەو شەوە وتیان دەبێت بەخاكی بسپێرن". 

 

 ئەگەرچی لەئێستادا تۆمەتبار،  تەوقیف كراوە وبەوتەی مەحمود هەرلە نێو زیندانیشەوە هەڕەشەی توندیان لێدەكات كەچیتر نابێت لەو ناوچەیە بمێنن. هەرلەمبارەیەوە زێڕین باهۆمەر حەمە دایكی سەرباغ  ئاماژە بۆ ئەوە دەكات لە ساڵی 2016 وە رووبەرووی هەڕشەی  شوبراكەی بوونەتەوە وتەنانەت لەو ساڵەدا (ه) دەستگیركراوەو 4 ڕۆژ زیندانی دەكرێت زێڕین، دەڵیت"ئێمە لەماڵی خۆماندا ولەزەوی خۆماندا دانیشتوین، بەڵام ئەوان دەیانەوێت دەست بەسەر هەمو شتێك بگرن وچەندین جار قسەی نەشیاو هەڕەشەیان لێكردوین منیش هاوسەرەكەم نابینایەو وناتوانێت بەڕویاندا بوەستێتەوە وكوڕەكانیشم هێشتا منداڵ وگەنجن، بەڵام سەرباغ ئەمەی پێ قبوڵ نەبووە هەمیشە بەڕویان دەوەستایەوە. ئەو كچێكی ئاسایی نەبوو خەمی بنەماڵەكەی هەموو پانتاییەكی ژیانی ئەوی داگیركردبوو بۆیە لەهەڕەشەكانیان سڵی نەكردەوە، چونكە كچێكی بوێر وچاو نەترس بوو هەر بۆیە ئەوان بەخوێنی سەرباغ تینوبوون". كێشەی چەندین ساڵەی ئەم دوو بنەماڵەیە لە خاوەندارێتی موڵك وزەوی وزاردا سەرچاوەی گرتووە لەم ناوچەیە هەندێ جاركێشەی موڵكدارێتی بۆتە مایەی كوشتن ودەربەدەركردن وماڵ وێرانكردنی ماڵە هەژاروبێ پشت وپەناكان بنەماڵەی سەرباغ نیگەرانن لەچۆنێتی بەدواداچوونەكەو دەستێوەردانی لایەنێكی دەرەكی  لەبەڕێوەچوونی كەیسەكە وەك باوكی دەڵێت "بەگومانین لەچۆنییەتی بەدواداچونەكە، چونكە باوكی بكوژئاشنایەتی لەگەڵ زۆرێك لەلێپرسراوانی دامودەزگاكانی حكومەت هەیە بەواستە وعیلاقات دەیانەوێت كەیسەكە بگۆڕن وكوشتنی سەرباغ بەسەر یەكێكی تردا بسەپێنن، چونكە پارێزەرەكەیان وكارمەندێكی پۆلیس هاتنە ماڵەوەو داوای لێكردین لە ئیفادەكەماندا بڵێن كەسەرباغ لەژورەوە فیشەكی پێوەنراوە نەك لەدەرەوەو لەلایەكی ترەوە بەبێ مۆڵەتی حاكم هاتنە ژورێ و ڕێگەیان نەدا ژنەكەم و منداڵەكانم لەژورەوە بن تاكو سەرەتاسەری ماڵەكەیان پشكنی وكڵاشینكۆفەكەمیان لەماڵ دەرهێنا ووتیان بەئەمری حاكم ئەم چەكە دەبەین دواتریش لەكەسێكی باوەرپێكراو بۆم دەركەوت بەهیچ شێوەیەك حاكم ئاگادارنەبووە وفەرمانی لەوجۆرەی دەرنەكردووە". 

 

زێڕینی جەرگ سوتاو پەرۆشی ئەو رۆژەیە كەبكوژ لەسێدارەبدرێت وخوێنی كچەكەی بەفیڕۆ نەدرێت و دەڵێت" چەندین جار لە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان لەقەڵادزێ سكاڵامان كردووە و ئاگادارمان كردونەتەوە لەتوندوتیژی (ه) بەرانبەر بە سەرباغ تەنانەت جارێكیان دەستی لێكردبووە ولێی دابوو چوار رۆژیش لەسەر ئەمە تەوقیف كرا، بەڵام بەداخەوە ئەگەر ئەو نەقیبەی پۆلیسی هەڵشۆ خێرا دەستبەكاربوایە و هەڕەشەكانی (ه) یان بەهەند وەرگرتایە ئێستا كچەكەم نە ئەكوژراو وتی"هەفتەیەك پێش كوشتنی سەرباغ دوو جار ئەو نەقیبەمان ئاگادار كردوَتەوە و بەخەم ساردییەوە پێی وتین "بڕۆنەوە وهیچ شكات مەكەن باكێشەكە گەورەتر نەبێتەوە  دواتریش پێی وتین هیچم بۆ ناكرێت هەڕەشەیان لێكردووم كە ئیجرائاتی یاسایی نەگرمە بەر بەگفتوگۆ خۆتان پێكبێن"".  چەندین جارپەیوەندی بەو ئەفسەرە وە كرا، بەڵام ئامادە نەبوو روونكردنەوەی خۆی بدات سەبارەت بە دۆسێكە. 

 

لەلای خۆیەوە هاوكار هەمزە گوڵ پارێزەری تۆمەتبارەكە وتی "بە پێی ئەو بەڵگانەی كۆیانكردۆتەوە (ه) بكوژنیە هەندێ بەڵگەمان داوە بەدادگا كە دووپاتی دەكاتەوە ئەو بكوژ نیە".

هاوكار پێداگیری لە بی تاوانی تۆمەتباردەكات ودەڵێت "ئەو تەقەی بە ئاسمانەوە كردووەو بۆیە من بە بكوژی نابینم وداوای ئیفراجی بۆ دەكەم".

 

ماوەتەوە بڵێن كوشتنی سەرباغ و دەیەها كێشەی تری كۆمەڵایەتی خانو بەرە كەبەردەوام لەو ناوچانە دووبارە دەبێتەوە و قوربانی سەرەكیش زۆربەی كات ژنە ئەو كائینەی مافی ژیانی لێ زەوت دەكرێت وخوێنی بەهەدەر دەبرێت بەبەرچاوی دامەزراوەی  پۆلیس وئاسایش كەهەندێ بنەماڵەش هەندێ جارسازش لە خوێنی كچەكەیان دەكەن وبەسوڵحی عەشایەری و لەبەرامبەر مشتێك پارەو پول هەردوولا ڕێكدەكەون عەلی خدر ئیبراهیم ئەفسەر لەپۆلیسی قەڵادزێ، كاری بۆ ئەوە كردووە لەڕێگەی سوڵحی عەشایەری لەگەڵ بنەماڵەی هەردوولا گفتوگۆبكات،  وتی"بەپێ ئەوەی ئاشنایەتیم لەگەڵ هەردوولا هەیە بەناوی بنەماڵەی (ه) قسەم لەگەڵ مام مەحمود كردووە بۆچارەسەری كێشەكە، بەڵام ئەو رەتیكردەوەو ئامادەنەبوو بەهیچ شێوەیەك سوڵح بكات وجەختیشیكردەوە كەدەبێت بكوژحوكم بدرێت وسزای خۆی وەربگرێت".

 

 لەلای خۆیەوە ریكخراوی ڕاگەیاندن وروناكبیری ژنان، یاداشتێكی ئاراستەی لایەنی پەیوەندار لەو ناوچەیە كردوە داوای لێكردوون  هاوكاربن لەوەی خوێنی سەرباغ وەك خوێنی چەندین كچی دی بەهەدەر نەڕوات و عەدالەت جێ بەجێ بكرێت تاوانبار بەسزای خۆی بگات.

 

 



زیاتر

ژنان لە شۆفێریدا كەمترین سەرپێچی دەكەن
ژنان لە شۆفێریدا كەمترین سەرپێچی دەكەن
گرنگی خواردنە کوردەواریەکان لەوەرزی زستاندا
گرنگی خواردنە کوردەواریەکان لەوەرزی زستاندا
بۆ چارەسەری سەرەتای بێبەرامبەر نەخۆش بەسەردەكەنەوە
بۆ چارەسەری سەرەتای بێبەرامبەر نەخۆش بەسەردەكەنەوە
135 حاڵەتی گیان لەدەستدانی  مێینە تۆماركراوە
135 حاڵەتی گیان لەدەستدانی مێینە تۆماركراوە
بۆبەسزادانی ژن کوژان، داوای لێدەکەن  گۆڕانکاری لەبەرپرسانی دۆسیەکانی ژنان بکات
بۆبەسزادانی ژن کوژان، داوای لێدەکەن گۆڕانکاری لەبەرپرسانی دۆسیەکانی ژنان بکات
دکتۆرە نازەنین نهێنیەكانی دەستدرێژیكردنی سەر منداڵ ئاشكرادەكات
دکتۆرە نازەنین نهێنیەكانی دەستدرێژیكردنی سەر منداڵ ئاشكرادەكات

پرۆژە و چالاکیەکان


  • - له سیمینارێكدا ئەنجامی ئەو راپرسیە خرایە ڕوو
  • - دابەشكردنی جلی زستانە بە سەر ئاوارەكانی كەمپەكانی كەلارو كفری
  • - دابەشكردنی جلی و به رگی زستانە بە سەر ئاوارەكانی كەمپی ئەربەت


چاپکراوەکان






سەرەکی | هەواڵ | راپۆرت | بەدواداچوون | چاوپێکەوتن | کۆمەڵایەتی | فۆتۆ | ڤیدیۆ | چاپکراوەکان | دەربارەی ئێمە | پەیوەندی                         کوردی | English